لە کۆیە ژنان بە گەنج و بەتەمەنەکانەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەڕۆن
پڕۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق بەردەوامی هەیەو لە کۆیە ژنان بە گەنج و بەتەمەنەوە ڕوودەکەنە سندوقەکانی دەنگدان و داوا لەگەنجان دەکەن یارمەتی کەسانی بەتەمەنی بنەماڵەکانیان بدەن و بیانبەن بۆ ئەوەی دەنگ بدەن.
کۆیە
تا ئێستا پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بێ گرفت بەڕێوەدەچێت، ژنان زیاتر لە پیاوان دێن بۆ دەنگدان، لەکۆیە ٦۲ هەزار کەس مافی دەنگدانی گشتی هەیە کە لە ۳۳ بنکە و ۱۳۳ وێستگەی دەنگدان دەنگ دەدەن.
بەفرین عزیز هاتووە بۆ دەنگ دان و دەستی دایکی گرتووەو وتی: پێویستە ئەوانەی بەتەمەنن بیانهێنین و بەشداری دەنگدان بکەن، من هاتووم دایکیشم هێناوە دەنگ بدات، پێم خۆشە ئەوەی بەتەمەنێکی هەیە بیهێنێت دەنگ بدات، وەک ئێمە کە مافی خۆمانە ئازادانە دەنگ بدەین، وەک خۆم هیچ فشارێکم لەسەرنییە و ئازادم دەنگ بەکێ بدەم.
"پیویستە ژن بەدەنگی خۆی بچێتە پەرلەمان"
نازدار محەمەد فەرمانبەری حکومەتە وهەرزوو خۆی گەیاندە بنکەکانی دەنگدان و وتی: ئێمە وەک ژنان ئازادین لەدەنگ دان وهیچ فشارێکمان لەسەرنییە، پێویستە ژن بەدەنگی خۆی بچێتە پەرلەمان نەک بە کۆتا، چونکە گەر بەکۆتا دەربچن لە گرنگی ژن کەم دەکەنەوە، بۆیە پێویستە ژنان بێن دەنگ بدەن ونوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، هیوادارم ئازاد بن کە کێ هەڵدەبژێرن و هیچ فشارێکیان لەسەرنەبێت، پەرلەمانتارە ژنەکان ئیش بۆ ژنان و مافی ژنان بکەن.
خەدیجە سەدر، بەگرنگی دەزانێت ژنان بەشداری لەهەڵبژاردن بکەن و وتی: دەنگ دەدەم چونکە ئەودەنگدانە بۆ عێراق واتە نێوانی کوردو عەرەب و دەنگدانێکی نەتەوەییە، ژنان گرنگی خۆیان هەیە و هیچ جیاوازی نییە لەنێوان ڕەگەزی نێرو مێ، هەمووی وەک یەک کاردەکەن، بەڵام زۆر جار دەبینین ژنان مافیان پێشێل دەکرێت.
قەدریە عومەر، ژنێکی دیکەی بەتەمەنە هاتووە دەنگ بدات و داوادەکات ژنان هەموو بێن و بەشداری دەنگدان بکەن، وتی: داواکاریمان گەلێک زۆرە، پێویستە ئەو کاندیانەی دەچنە بەغدا بەرگریمان لێبکەن، ئێمە داواکاریمان زۆرە گەر بۆمان جێبەجێ بکەن یەکەمیان موچە لە کاتی خۆیدا بێت.