لە کۆیە دیوارى شەهیدان بەگوڵ نەخشێندرا

پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی شەهید جەعفر لە کۆیە لە پرۆژەیەکى هونەریدا دەستیان کرد بە نەخشاندن وێنەکێشان لە دیواربەندى شوراى گۆڕستانی شەهیدان.

شلێر کۆیی

 

کۆیە- کاتێک هونەر دەبێتە دەنگی قوربانیانی کۆیە، دیوارەکان تەنیا بلۆک و چیمەنتۆی سارد نین کە سنوورەکان دیاری بکەن بەڵکو لە ڕاستیدا ئاوێنەی ناخی مرۆڤەکانن و ڕەنگدانەوەی مێژوو و ناسنامەی کۆمەڵگەن،

 

لە گەڕەکی شەهیدان لە نزیک گۆڕستانی شەهیدانی کۆیە کۆمەڵێک گەنج و شێوەکاری دڵسۆز و بەهرەمەند کۆبوونەتەوە ئەوان بە دەستە جوانەکانیان بە فڵچە و ڕەنگەکانیان خەریکی نەخشاندنی دیوارەکانی ئەم گۆڕستانەن، ئەم کارە هونەرییە تەنیا بۆ جوانی نییە بەڵکو هێمایەکی قووڵە لە وەفاداری بۆ خوێنی پاکی ئەو گەنج و کچ و کوڕانەی لە پێناو نیشتماندا گیانیان بەخشی ڕەمزیەتی گوڵەکان لەسەر دیوارەکە.

 

هێلین عیسامەدین، دەرچووى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى شەهید جەعفەرە لە کۆیە، دوێنێ خۆبەخشانە لەگەڵ پرۆژە هونەرییەکەى پەیمانگاکە، دەستى دایە فلچەو بۆیاغ بۆ نەخشاندنى دیوارەکان بە گوڵ و گوڵزار وتى : ئیمە کۆمەڵێک شێوەکارى شارى کۆیەین  بەخۆبەخشى بەشداریمان کردووە لە وێنەکیشان لەسەر ئەو دیواربەندیە، کە پەیمانگاى هونەرەجوانەکان سەرپەرشتى دەکات، تاوەکو سیمایەکى جوان بە شەقامەکە ببەخشێت وجوانکردنى شار، چونکە پیشتر دیوارەکە زۆر نەشیاو بێ رەنگ بوو هەروەها ئێرە دیوارى گۆراستانی شەهیدانە، بە پێویستمان زانى ئەو کارە هونەریە بۆ ئەو شوێنە بکرێت، کارەکەمان بریتییە لە وێنەى گوڵ کە ئەو گوڵانە لە سروشتى کۆیە دەڕوێن ئەوانیش گوڵە حاجیلەو گوڵە بەیبونە کە هێمایەکى جوان دەبەخشن بە ژینگەى بینین.

 

دابان وەهاب، یەکێکی دیکەیە لەو شێوەکارە خۆبەخشانە بەشدارى پرۆژەکەى کردووە وتى: من لەگەڵ کۆمەڵێک لەگەڵ ئەوهاوڕێ هونەرمەندانە بەشداریمان کردووە لەو کارە هونەریە ونۆژەنکردنەوەى دیواربەندى گۆرستانى شەهیدان، سوپاسى پەیمانگاى هونەرەجوانەکان دەکەم بۆ ئەو کارەیان بۆ خزمەتى شارى کۆیەو جوانکردنى، هەریەک لەئێمە ئازیزێکمان لە ژێر خاکە لەم گۆرستانە کاتێک ئەوکەسانەى دێنە سەردانى گۆرستانەکە یان بێرە تێدەپەڕن دیمەنێکى دڵگیر و جوان بەرچاویان دەکەوێت کە بەم کارە کەمێک بتوانین لە ئازارى لەدەستدانى ئازیزانیان کەم بکەینەوە، چونکە لەودیوى دیوارەکە  کۆمەڵێک خەم وئازار هەیە.

 

رونیشى کردەوە کە ئەو رەنگانەى بەکارهاتوون هەریەکەو مانایەکى تایبەت بەخۆى هەیە، بۆنموونە رەنگى شین بۆئارامی و  ژینگە چاوپێویستە و رەنگى سەوز بۆ تەندروستى، هەروەها زۆر جار دیوارەکان دەبنە هیماى ژیان بەنووسین لەسەریان بەداخەوە کە هەندێک کەس کە قسەى نەشیاو لەسەر دیوارەکان دەنووسن،  ئەوەش کارێکى جوان نییە چونکە دیوارەکان بۆهەمووانە وموڵکى گشتیە پاراستنیان بە پاک هێشتنەوەى بۆ بەرژەوەندى هەموانە وئەرکە بەخاوێنى ڕایان بگرین تا ژینگەى چاومان پیس نەبێت.