ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەرخەوان فەلاحی زیندانی سیاسیدا سەپاند
ئەرخەوان فەلاحی، زیندانی سیاسی تەمەن ٢٥ ساڵ کە لە تاران دەستبەسەرە، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو بڕیارە دوای چەند مانگێک لە زیندان و زیندانی تاکەکەسی دێت.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، ئەرخەوان فەلاحی، زیندانی سیاسی تەمەن ٢٥ ساڵ، ڕۆژی ١ی تەمووز لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵاواتی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم بڕیارە لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە بە خێزانەکەی گەیەندراوە.
ئەرخەوان فەلاحی لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پاراند دەستبەسەرکرا و دواتر گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٤١ی زیندانی ئێڤین کە لەژێر چاودێری یەکەی پاراستنی ئیتلاعاتی دادوەری ئێراندایە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو کچە بۆ ماوەی پێنج مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە. لەم پرۆسەیەدا فشاری جەستەیی و دەروونی توندی لەسەر بوو.
پاشان ئەرخەوان فەلاحی گواسترایەوە بۆ زیندانی فەشەفویە و بۆ ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا. پاشان دیسانەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین گواسترایەوە.
ئەرخەوان فەلاحی پێشتر لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەگەڵ نەسروڵا فەلاحی باوکی لە شاری شیراز دەستبەسەر کرابوو. نەسروڵا فەلاحی، یەکێک لە زیندانییە سیاسییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئێستا لە بەندی ٧ی زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە.