لە کەناراوەکانی سووریا هەزاران کەس بێسەروشوێنن و کۆمەڵکوژی بەردەوامە
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، کۆی ژمارەی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە خەڵکی مەدەنییان کردۆتە ئامانج لە شارەکانی کەنار دەریاکانی سووریا بۆ هەزار و ٦٧٦ کەس بەرزبووەتەوە کە ژنانیشیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ- ناوچە کەنارییەکانی سووریا شاهیدی ڕووداوی خوێناوی بوون کە زیانی زۆری مرۆیی لێکەوتووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی هەزاران کەس بێسەروشوێن و تەرم لە نەخۆشخانەکان ڕاگیراون بەبێ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ بنەماڵەکانیان.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی ٩ی نیسان ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی کۆمەڵکوژییەکانی جیهادیەکانی هەتەشە گەیشتووەتە هەزار و ٦٧٦ کەس، کوژرانی ١٧ کەس بەڵگەدار کراوە کە چواریان ژن بوون و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بانیاس کوژراون.
پشتڕاستی کردەوە کە ٦٢ کۆمەڵکوژی لە ناوچە کەنارییەکانی سووریا بەڵگەی کردووە و لە ئەنجامدا ٨٦٦ کەس لە لازقیە، ٥٢٥ کەس لە تەرتوس، ٢٧٢ کەس لە حەما و ١٣ کەس لە حومس گیانیان لەدەستداوە، جگە لەو کۆمەڵکوژییانەی ئەنجامدراون، هەزاران کەسی بێسەروشوێن و سەدان تەرم لە نەخۆشخانەکاندا ڕاگیراون بەبێ ئەوەی ڕادەستی کەسوکاریان بکرێن.
سەرەتای ئەم مانگە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریای بە پشتبەستن بە بەڵگەی بینراو و گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان بە "تاوانی جەنگ" پێناسە کرد.