لە غەززە ١٣ کەس کە ٧یان منداڵن گیانیان لەدەستدا
لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری کەرتی غەززە، لانیکەم ١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٧ کەسیان منداڵن و دەیان کەسیش برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ شەڕ لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا هەزاران کەس بریندار بوون و گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لە باکووری غەززە، لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە، هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و زەمینیەکانیان فراوانتر کردووە، لە ئەنجامدا نزیکەی دوو هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژران و هەزاران کەسیش ناچاربوون کۆچ بکەن، لە هەمانکاتدا زۆرێک لە نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکان بەهۆی ئەم هێرشە سەختانە لە خزمەتگوزاری دەرچوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە نوێیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بۆسەر کامپی کۆچبەران، چارەسەری نەخۆشەکان ناکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر گیان لەدەست بدەن و گیانی کارمەندانی تەندروستی بکەوێتە مەترسییەوە.
ئێوارەی دوێنێ ٧ی کانوونی دووەم، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر کامپی کۆچبەران لە ناوچەی ئەلمێەاسی لە ڕۆژئاوای شاری خان یونس. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا کە ٧ کەسیان منداڵ بوون، جگە لەوەش دەیان کەس بریندار بوون و بەپێی زانیارییەکانی بەرگری شارستانی و وەزارەتی تەندروستی چادری کۆچبەران ئاگری تێبەربووە.
ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ماڵێک و ئۆتۆمبێلێک
لە هەمانکاتدا ماڵێک لە ناوچەی قیزان لە باشووری شاری خان یونس لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا ٥ کەس کە سێ کەسیان منداڵ بوون گیانیان لەدەستدا، هەروەها بەهۆی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی خان یونس دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و لە ئەنجامی بەئامانجگرتنی خانوویەک لەو شارەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.