"لە غەززە زیاتر لە ١٥٠ هەزار ژنی دووگیان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە"

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە ١٥٠ هەزار ژنی دووگیان لە غەززە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی تەندروستی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ەوە بەردەوامە و ٣٥ هەزارو ١٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوەو ٧٩ هەزارو ٦١ کەس برینداربوون، بەهۆی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە،  نزیکەی ٣٦٠هەزار فەڵەستینی ناچارکراون ڕەفەح بەجێبهێڵن، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی ژنانی دووگیان و منداڵەکانیان لە مەترسیدا بێت.

 

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوەدانی و هاوکاری کۆچبەرانی فەڵەستینی "UNRWA" لە پۆستەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ژنانی دووگیان و منداڵان لە غەززە، وێنەی منداڵێکی تازە لەدایکبووی بڵاوکردەوە و لەژێر وێنەکەدا نووسیویەتی "حەبیب لە چادرێکی بچووکدا لەدایکبووە. ئەوە دوو هەفتەیە، بەڵام کێشی کەمتر لە دوو کیلۆگرامە.

                                            

"زیاتر لە ١٥ هەزار ژنی دووگیان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە"

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هیچ منداڵێک لە جیهاندا نابێت بەو شێوەیە ئازار بچێژێت، لە ئێستادا پێویستیی بە ئاگربەست هەیە، زیاتر لە ١٥٠ هەزار ژنی دووگیان لە غەززە ڕووبەڕووی دۆخێکی تەندروستی سەخت دەبنەوە بەهۆی جەنگ و ئاوارەبوون.

 

لە بەشێکی دیکەدا، ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کرد کە فەڵەستینییەکان جارێکی دیکە لە ڕەفەحەوە کۆچیان کردووە بۆ خان یونس لەبەردەم هەموو جیهاندا ، بەهۆی نەبوونی ئاو و ژێرخانەوە و ئاستێکی نوێی نائومێدی سەریهەڵداوە.