لە عەفرین ٩ کەس ڕفێندران کە منداڵێکیان تێدایە

لە عەفرین کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیرکراوە، ٩ کەس ڕفێندراون کە منداڵێکی کچیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە عەفرین دەوڵەتی تورک ٩ کەسی ڕفاندووە و لەناویاندا منداڵێکی کچی تەمەن ١٥ ساڵ هەیە.

 

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوەکرد، سەربازانی سوپای تورکیا له نزیک گوندی زێر له شارۆچکەی بلبلێی سەر به عەفرین لە ١٦ی تەمووزدا ٧ دانیشتوویان ڕفاند، یەکێکیان خەڵکی گوندی عەین حەجەرە و دانیشتووانی دیکەش خەڵکی شاری حەلەبن، ڕفێنراوەکان گواستراونەتەوە بۆ زیندانی گوندی ئاشکەی جندرێس که لەژێر دەسەلاتی چەتەکانی "سوڵتان سلێمان شا" و "ئه ل ئمشهەت" دایە و ئەشکەنجه دراون.

 

منداڵێکی کچ ڕفێندرا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا ڕایگەیاند، چەتەکانی هەواڵگری دەوڵەتی تورک و "پۆلیسی سەربازی" لە ڕۆژی ١٢ی تەمووزدا لە گەڕەکی مەحمودییە ​​لە عەفرین کچێکی تەمەن ١٥ ساڵانیان بە ناوی ئیسمەهان محەمەد ڕفاندووە.

 

 هەروەها، لە ٧ی تەمووز، چەتەکانی تورکیا دانیشتوویەکیان بە ناوی محەمەد ئەحمەد محەمەدعەبدۆ، تەمەن ٤٢ ساڵ، خەڵکی گوندی ئەڤرازێ، مابەتای سەر بە مەحمودییە، لەسەر شەقامی قوتابخانەی پیشەیی ڕفاندووە و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەری نییە. ڕفاندنی دانیشتووانی عەفرین بە هۆکاری جۆراوجۆر بەردەوامە و مەبەست لێی وەرگرتنی بارمتەیە.