ڕژێمی ئێران دوو ژنی دیکەی دەستبەسەر کرد
هەڵمەتی دەستبەسەرکردن و چەوساندنەوەی ژنان، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەردەوامی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمڕۆ دوو ژنی ئێران دەستبەسەر کران و گومان دەکرێت بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ بخرێنە ژێر ئەشکەنجەوە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی سەرچاوە خۆجییەکانی ئێران، ئەمڕۆ باران ئومێدیان، خوێندکاری دکتۆرا لە ئەندازیاری لەگەڵ خوشکەزاکەی بەناوی دۆرسا ئەیازی تەمەن ١٧ ساڵ بەبێ فەرمانی دادوەر و بەبەکارهێنانی توندوتیژیی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە تاران دەستبەسەر کران.
هەروەها باران ئومێدیان بۆ گرتووخانەی قەرچەک گواستراوەتەوە و دۆرسا ئەیازیش لە ناوەندێکی چاکسازی ڕاگیراوە.
هاوکات چالاکوانان هۆشداریان داوە ئەگەری هەیە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ بخرێنە ژێر ئەشکەنجە و فشاری توند و نیگەرانییەکان سەبارەت بە تەندرووستی و سەلامەتییان لە زیادبووندایە.
جێگای ئاماژەیە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کاتی خۆپیشاندانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” باران ئومێدیان یەکێک بوو لە خوێندکارە ناڕەزایەتییەکانی زانکۆ، ئامادە نەبوو نامەی پەشیمان بوونەوە بنووسێت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی خوێندکارانی دیکە لە بەرانبەر ئەو ڕەفتارە خراپ و بێ ڕێزیانەی هێزە ئەمنییەکان، لە زانکۆ دەرکرا.