"لە چوار چڵە نێرگزدا ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پەیامی ئازادی بۆ ژنانی چوارپارچەی کوردستان لە نەورۆزدا نارد"
جەژنی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی جیاواز لە نەورۆزەکانی دیکە ژنان پێشوازیەکی گەرم لە پرسی ئاشتی دەکەن، لە دوای پەیامی سەدەی ئاشتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە ژنان زیاتر کارو خەباتیان فراوان دەکەن.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە باشووری کوردستان ساڵانە جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکرێت، ئاهەنگی گەورە سازدەکرێت و هاوڵاتیان لە تەواوی شار و شارۆچکەکان گرنگی بە جەژنی نەورۆز دەدەن، لە ڕۆژی ٢١ی ئاداریشدا نەورۆزی قەندیلی سەربەرز زۆرێک لە کوردان و ئازادیخوازانی هەرچوارپارچەی کوردستان لە ئامێز دەگرێت، تێیدا گەورەترین ئاهەنگی جەماوەری گەلی کورد سازدەکرێت، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵەکانی دیکە بە هەزاران کەس بەشداریان لە جۆش و خرۆشی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیلدا کرد، مەیدانی ئاهەنگەکە بە وێنەی شەهیدان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕازێندرابوەوە، گەل بە جۆش و خرۆشەوە بە دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ "، ژن، ژیان، ئازادی"، "بێ سەرۆک ژیان نابێ" جەژنی نەورۆزیان لە قەندیلەوە بەرز ڕاگرت، هەروەها لە لایەن ڕێبەری گەلی کوردەوە پەیامی سەدە هەبوو، پەیامی سەدەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گڕوتینی بە نەورۆزی ئەمساڵداو بووە مەشخەڵی ئاگر و جەژنی نەورۆزی لە بنارەکانی قەندیل پێ داگیرسا، ئەو پەیامەی ڕێبەر ئاپۆ توانی لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە گەل بە دەوری ئاگری نەورۆزدا کۆبکاتەوە و گەل پەیامی ئاشتی بکەنە مەشخەڵی ئازادیان.
"چوارچڵە نێرگز لە لایەن ڕێبەری گەلی کوردەوە پەیامی یەکبوونی ژنان لە خۆ دەگرێت"
سارا ڕەزا، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی قەندیل ئاماژەی بەوەکرد، چەندین ساڵە گەلی کورد لە بناری قەندیل جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن، نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی جیاواز لە ساڵەکانی دیکە لە لایەن ڕێکخەرانەوە ئامادەکاری تەواوی بۆ ئەنجام دراوە، ئامادەکاری و ڕێکاری ئەمنی و تەندروستی گیراوەتەبەر، هەروەها هەبوونی پەیامی سەدە نەورۆزی ئەمساڵی پڕ هەیەجان کردووە وتی: هەموو ساڵێک بناری قەندیل نەورۆزێکی تایبەت بەڕێدەکات، بەڵام ئەمساڵی قەندیل جیاواز لە ساڵەکانی دیکە پرسی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێندنەوەی دووبارە بۆ کرایەوە، لە تەواوی پارچەکانی کوردستان بۆ گوێگرتن لە پەیامی سەدە ڕوویان لە ناوچەکە کرد، لە ناویاندا ژنان پێشەنگایەتی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، ماوەی سێ ڕۆژ هاوڵاتیان لە ناوچەکە بە جۆشەوە چاوەڕێی کردنەوەی ئاگری نەورۆز بوون، کوردانی ئەوروپا بۆ جەژنی نەورۆز ڕوویان لە ناوچەکە کرد، بناری قەندیل نوێبوونەوەی سسروشت و پیرۆزکردنی ساڵێکی نوێی کوردییە، تێیدا هەست بە ژیانەوە دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتیان هەمووی کوردن بەڵام لە چەندین پارچەی کوردستان بەجیاوازی دابونەریت و کولتووری کوردیەوە سەردان دەکەن، ژنان لە ناویاندا سەرەڕای جیاوازی ناوچەیی و جیاوازی کولتوورەکانیان بە جۆرەها جلوبەرگی ئاڵ و واڵاوە سەردان دەکەن و ئاهەنگی نەورۆز پیرۆز دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامی ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی مەزنی بۆ ژنان لە پشتەوەیە، تێدا ئازادبوونی ژنانی بە ئازادبوونی کۆمەڵگەوە پەیوەستکردووە، وتیشی: ڕێبەری گەلی کورد بە پێشکەشکردنی چوار چڵە نێرگزەکەی بۆ ژنان، پەیامی بۆ ژنان نارد بەوەی پێشەنگایەتی بۆ تەواوی گەلی کورد بکەن، ئەو پەیامەی بە چوار چڵە نێرگز بۆ ئیمەی ژنانی نارد، ئێمەی ژنان زیاتر بەرپرسیارێتی ئازادیمان دەکەوێتە سەر شانەکانمان، پێویستە لە ڕێ و ڕێبازی ڕێبەرەکەمان بەردەوام بین، تا بتوانین خوێنی شەهیدەکانمان ون نەکەین، بەردەوام بۆ ئازاد بوونمان تێبکۆشین، هەرەوەها گەل لە چوارپارچەی کوردستانەوە بە جۆش و خرۆشەوە لە سەرەتای ١ی ئادارەوە چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، بەڵام لە باشووری کوردستان دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە ڕێگای دەستوەردان لە کولتوور و سڕینەوەی دابنونەریتی کوردەوە هەڵ بۆ کاڵکردنەوەی جەژنی نەورۆز دەدات.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: لە لایەن دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان هەوڵ بۆ کپکردنەوەی چالاکیە نەتەوەیاتیەکان دەدرێت، ئێمەی ژنان لە چالاکی ٨ی ئاداردا ڕێگریمان لێکرا، لە ئێستادا بۆ ئامادەکاری نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی لە شاری هەولێر هاوکار و هاوپیشەمان لە کاتی خۆ ئامادەکردنی ناوچەکەی بۆ بەشداری کردن لە نەورۆزی بناری قەندیلدا، لە لایەن چەکدارانی پەدەکە لە ماڵەکەی خۆیدا ( هاوڕێ کوردی )یان دەستبەسەرکردووە و تا ئێستا بێسەروشوێنە، ئێمە هەوڵ بۆ ئازادی هاوڕێ دەدەین، هەروەها جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل بەردەوامی دەبێت.
"لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ و نوێبونەوەی سروشت پەیامی ئاشتی نوێبونەوەی کورد لە خۆ دەگرێت"
تارا حسێن، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی قەندیل ئاماژەی بەوەکرد، هاوڵاتیان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتەوە سەردانی بناری قەندیلیان کردوە، سەرەڕای نالەباری کەشوهەوای ئەمساڵ هاوڵاتیان بەردەوامن لە سەردانی کردنی ناوچەکە، لەگەڵیدا پەیامی سەدە لە لایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە ڕادەگەیەندرێت، گەلی کورد لەم نەورۆزەدا چاویان لە پەیامی سەدەیە، ئەم جۆش و خرۆشەی هاوڵاتیان بۆ نەورۆزی ئەمساڵ دەریدەخات گەلی کورد هەردەم ئاشتی و ئازادیخواز بووە، ڕێبەری گەلی کورد بە پرسی ئاشتی توانی جیاوازی لە تەواوی جیهاندا دروستبکات، بۆیە ئەمساڵ لە بناری قەندیل سەرجەم چین و توێژەکان و کەسایەتی سیاسی جیاواز سەردانی ناوچەکەیان کردووە، تێیدا لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشت و سەرەتای بەهار هەوڵ بۆ نوێبوونەوەی کورد دەدرێت، پەیامی ئاشتیو دیموکراتیک نوێبوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لەگەڵدا دەبێت، ئامانجمان ئازادبوونی ڕێبەرەکەمانە لە نەورۆزی ساڵانی دیکەدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: چەقی گۆڕانکارییەکان لە لایەن کوردەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستپێدەکات، ئێمەی کورد بۆ ئاشتی دەستدرێژ دەکەین، بەڵام لەگەڵ هێرشدا بە زهنیەت و تێکۆشانەکان ڕوبەڕووی هەر داگیرکارێکی دراوسێ دەبینەوە، ئێمەی کورد هەردەم ویستومانە دەستپێشخەری ئاشتی بین، لەناویاندا ژنان بەردەوام هەڵی ئاشتی و پێکەوەیی دەدەن، بەڵام دەستی باڵاشیان لە ڕۆژئاوای کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستاندا بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە خاکی خۆیاندا هەیە، لە دوای پەیامی سەدەوە ژنان ئەرکی سەرشانیان قورستر دەبێت، کار و چالاکییەکانیان بەردەوام دەبێت، هەردەم پەیامی خۆمان بۆ ڕێبەرەکەمان دوپات دەکەینەوە، پەیاممان بۆ ژنانی دونیا پێکەوەیی و ئاشتییە.