لە بەرنامەی ڕێکخراوی سارا بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم: داگیرکاری گەورەترین توندوتیژییە

ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە کانتۆنی عەفرین-شەهبا دەستپێکردنی ٢٥ی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی جیهانی تێکۆشان بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند.

شەهبا

 

بەهۆی نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی تێکۆشان بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەرنامەی چالاکییەکانی خۆی بۆ ٢٥ی ئەم مانگە ڕاگەیاند، ئەم ڕاگەیاندنە کە لە یەک کاتدا لە شارەکانی کۆبانێ، قامیشلۆ، حەسەکە، عەین عیسا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدرا، لە کامپی سەردەمی ناوچەی ئەحداسی شەهبا بە بەشداری سەرجەم دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ژنان، بە زمانی عەرەبی لەلایەن ئەندامێکی ڕێکخراوی سارا بە ناوی تێکۆشین محەمەد خوێندرایەوە.

 

"داگیرکاری گەورەترین توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان و سروشت"

بەبۆنەی ڕۆژی تێکۆشان بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان، بەڵێن دەدەین کە کۆتایی بە هەموو جۆرە توندوتیژییەک بهێنین دژی ژنان و ژنانی گەنج لە هەموو بوارەکاندا، ئەم ڕۆژە تەنها ڕۆژێک نییە بۆ یادکردنەوە، ئەم ڕۆژە ڕۆژێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کۆمەڵگە، هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان شەرمەزار دەکەین و جەختیش دەکەینەوە کە ژنان و منداڵان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەپارێزین، هاوکات بانگهێشتی کۆمەڵگە مەدەنییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین کە لەگەڵمان بن و پێکەوە کار بکەن بۆ بونیادنانی ژیانێکی بێ توندوتیژی، پێویستە ئەم ڕۆژە بکەینە ئایندەیەکی باش، بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەم، لەسەر ئاستی کانتۆنی عەفرین-شەهبا، دەستپێکی خۆمان بە دروشمی 'داگیرکاری گەورەترین توندوتیژییە دژی ژنان و سروشت' ڕادەگەیەنین.

 

بەرنامەی ٢٥ی تشرینی دووەم بەم شێوەیەیە:

-سیمینار لەسەرجەم شارۆچکەو گوند و قوتابخانەکان ئەنجام دەدرێت.

-بەرزکردنەوەی پانکارت لەسەر شەقامەکانی شارۆچکەکان و دابەشکردنی بروشور لە ڕۆژی تێکۆشانی بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان.

-بە بەشداری سەرجەم ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنان لە هەرێم، ڕێکخستنی کۆبوونەوە.

 

ڕاگەیاندنەکە  بە دروشم کۆتایی هات.