لە بۆردوومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراو و بریندارهەن ڕۆژنامەنووسانیان لەناودایە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کە ناوچە جیاجیاکانی غەززە و خان یونسی کردە ئامانج، لە نێوان بۆردوومانەکان و وێرانکردنی باڵەخانەکاندا دەیان کەس کوژران و بریندار بوون، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە کاتی شەڕدا کوژراون بۆ ٢٣٧ ڕۆژنامەنووس بەرزبوەوە

ناوەندی هەواڵ
شەڕی بەردەوامی غەززە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، ئەمەش ڕێژەیەکی سەرەتاییە، ژمارەیەک قوربانی هێشتا بە داروپەردوودان و لە شەقامەکاندان، ناتوانن لەلایەن گروپەکانی فریاگوزاری و فریاکەوتنەوە بگەنە دەستیان، برسێتی و نەخۆشی و پەتاش بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١١ی ئاب، ١٠ فەڵەستینی لە تۆپبارانەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە و خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کوژران، بەهۆی تۆپبارانکردنی ماڵێک لە کامپی پەنابەرانی خان یونس لە ڕۆژئاوای وڵات، ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، هەروەها لە ئەنجامی تۆپبارانی چادرێکی ئاوارە لە شەقامی لبابیدی ئەو شارە سێ هاوڵاتیی مەدەنی کوژران، ڕاپۆرتە ڕاگەیاندنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردوومانکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە.
لە سەرەتای جەنگەوە، هێزەکانی ئیسرائیل کوشتن و کاولکاری و ئاوارەبوونی زۆرەملێیان لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەنجامداوە، کە گەمارۆیان بەسەردا سەپاندووە، لە شەڕەکەدا ٦١ هەزار و ٢٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٥٢ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان ژن و منداڵن، زیاتر لە ٩ هەزار کەس بێسەروشوێنن و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی ئامارە فەرمییەکان دوو هەزار و ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٠٠ کەسیان منداڵ بوون.
ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس کوژران
نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە سەرەتای شەڕی غەززە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ەوە کوژراون بۆ ٢٣٧ ڕۆژنامەنووس بەرزبووەتەوە، ئەمەش دوای کوژرانی چەند ڕۆژنامەنووسێک دوێنێ لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە چادرەکەیان لە نزیک نەخۆشخانەی شیفا لە ڕۆژئاوای غەززە کردە ئامانج، ئۆفیسکە پشتڕاستی کردەوە کە بۆردوومانی چادرەکایان بە ئەنقەست بووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە هێرشەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی دیکەی بریندار بوون، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکە تەنها دوو ڕۆژ دوای پەسەندکردنی پلانی داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە هات، ئەمەش لە چوارچێوەی شەڕی جینۆساید کە بۆ ٢٢ مانگ لەسەریەک بەردەوامە.
دووپاتیکردەوە کە دووبارەبوونەوەی ئیسرائیل بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن تاوانێکی جەنگی تەواو پێکدەهێنێت، کە ئامانج لێی بێدەنگکردنی ڕاستییەکان و تەمومژاویکردنی بەڵگەکانی تاوانەکانە، هەروەها وەک پێشەکییەک بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە ئەنجامی دەدات و بەنیازە ئەنجامی بدات، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و هەموو ئەو دەوڵەتانەی بەشدارن لە شەڕەکەدا بە تەواوی بەرپرسیار دەکات لەم تاوانە سیستماتیکیانەی دژی ڕۆژنامەگەری.
نوسینگەکە داوای لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان و فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی و سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد کە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی تەواو بۆ ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فەڵەستینی لە غەززە، هەروەها دەستەبەرکردنی مافی ئەو کەسانەی کە ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن دژی ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافی دەستگەیشتن بە زانیاری.