"لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر سوەیدا پێویستی بە یەکگرتوویی لەنێوان گەلی سووریا هەیە"

عەریفە بەکر، ئەندامی دەستەی پێشەنگایەتی ئەنجومەنی ژنانی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئەو هێرشانەی کە شاری سوەیدای سووریایان کردۆتە ئامانج، سڕینەوەی کولتووری هەمەچەشن و فرەیی وڵاتەکەیە.

پێلین نۆپەلدا

 

قامیشلۆ-لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی جیهادییەکانی هەتەشە، وڵات بەرەو ڕاستیەکی مەترسیدارتر دەڕوات، کە کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی و پێشێلکاری و هەموو جۆرەکانی توندڕەوی ڕۆژانە ڕوودەدات، بوونی ئەو گروپانە لە سووریا مەترسییەکی بەرچاوی هەیە، ئەمەش لە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر سوەیدا دەرکەوتووە.

 

جیهادیەکانی هەتەشە لە ڕێگەی هێرشەکانەوە کە هاوڵاتیانی مەدەنی پێکهاتە جیاوازەکان دەکەنە ئامانج، هەوڵدەدەن پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان نەهێڵن و عەقڵیەتێکی توندڕەو و ناسیۆنالیستی بسەپێنن کە دەوڵەتێکی ئیسلامی بەرەوپێش دەبات.

 

"گەلی سووریا لە هەڕەشەی جینۆسایددا دەژین"

سەبارەت بەو هێرشانەی کە کۆمەڵگەی درووزیان کردۆتە ئامانج لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سوەیدا و ئەو گۆڕانکاریانەی لە سووریا ڕوودەدەن و ڕاستی ژنان لەم قۆناغەدا، عەریفە بەکر، ئەندامی دەستەی پێشەنگایەتی ئەنجومەنی ژنانی سووریا ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژییەکانی ئێستای سوەیدا هیچ جیاوازیەکیان نییە لەوەی پێشتر دژی عەلەوییەکان ڕوویانداوە و تەواوی گەلی سووریا لە مەترسی جینۆسایددان، پێش ئەم کۆمەڵکوژییانە لە عەفرین و کری سپی و سری کانییە شتی هاوشێوە ڕوویاندا و ئێستاش شاهیدی بەردەوامی ئەو سیاسەتانەین لە سەرتاسەری سووریا، کە گەلی سووریا بە هەڕەشەی کوشتنی بەکۆمەڵدا دەژین، هێرشەکانی ئێستا بۆ سەر سوەیدا بە پلەی یەکەم ژن و منداڵ و بەساڵاچووان دەکەنە ئامانج.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی کاتی سووریا ئەم هێرشانە بوەستێنێت و لێپرسینەوە لەو گروپانە بکات کە لە دەرەوەی یاسا کاردەکەن، بە ناوی "بەدەوییەکان" کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، هیچ شتێک لە سووریا چارەسەر نابێت جگە لە یەکگرتوویی گەلەکەی، بەو پێیەی توندوتیژی نابێتە هۆی چارەسەر.

 

"گەلی سووریا پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە"

عەریفە بەکر ئاماژەی بە پێویستی بەستنی کۆنگرەیەکی هەمەلایەنە کرد کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات، بۆ ئەوەی هەموو لایەنێک بەشداری بکات و بڕیار بدات، پێکهاتەکانی سووریا پێویستیان بە یەکڕیزییە، ڕۆژانە هەڕەشەیەک هەیە کە نەتەوەکان دەکاتە ئامانج، ئەمڕۆش بە تایبەتی کورد دەکرێتە ئامانج، پێویستە هەموو نەتەوەیەک خۆی ڕێکبخات و بتوانێت بەرگری لە بوونی خۆی بکات لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا، بەتایبەتی ژنان دەبێت بزانن چۆن خۆیان بپارێزن و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا ئامادەیییان هەبێت، وەک نموونەیەکی زیندوو، فەوزیە فەخرەدین، کە بەرگری لە گەلەکەی کرد و بەرەنگاری بووەوە، بۆتە نموونەیەک بۆ هەموو ژنێکی سووری.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئەمڕۆ، سووریا لە دۆخێکی شەڕدا بووە، هەروەها دەستێوەردانی دەرەکی زۆر هەیە کە کاریگەری لەسەر سووریا هەیە، هەر وڵاتێک لە هەوڵی نزیکبوونەوەدایە لە سووریا بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆی، بۆیە دەڵێین گەلی سووریا پێویستی بە یەکڕیزییە بۆ ئەوەی بتوانێت کۆتایی بەو خوێنڕشتنە بهێنێت، بەو پێیەی ئێمە بە قۆناغێکی هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕین، پێویستە لێی فێربین، خۆمان ڕێکبخەین، بەرەو پێشەوە بچین، بە هەنگاوی پتەو تا ئازادی و ئاشتی بەدەست دەهێنین.

 

"ئامانجی هێرشەکان نکۆڵیکردنە لە پێکهاتەکانی سووریا"

عەریفە بەکر ئاماژەی بەوەشکرد، هاتنە ناوەوەی جیهادییەکانی هەتەشە بۆ ناو گۆڕەپانەکە، دەربڕینی ئیرادەی گەلی سووریا نییە، هەروەها دەرئەنجامی بڕیارێکی کۆمەڵگە یان هەڵمەتێکی چاکسازیخوازانە نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانە. هێرشەکان چارەسەر بەرهەم ناهێنن، بەڵکو دەبێت پێکەوە دابنیشین و لەسەر داهاتوو و چارەنووسی خۆمان ڕێکبکەوین، ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشانە کە لەلایەن گروپەکانی سەر بە چەند وڵاتێکەوە ئەنجامدەدرێن، نەهێشتنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریایە، ئەمڕۆ گروپێک هەن هەوڵدەدەن سووریا بگۆڕن بۆ دەوڵەتێک کە یەک کارەکتەری هەبێت، بەڵام ئەمە مەحاڵە چونکە دەیان پێکهاتەی جیاواز لە سووریا دەژین.