پانێڵی تەندروستی ئەمریکا ڕێنمایی نوێی پشکنینی شێرپەنجەی مەمک بڵاودەکاتەوە

کۆمەڵێک لە پسپۆڕانی پزیشکی ئەمریکی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ژنان دە ساڵ زووتر لە ڕێنماییەکانی ئێستا دەست بە پشکنینی خۆپارێزی لە شێرپەنجەی مەمک بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پسپۆڕانی پزیشکی ئەمریکی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە مەمۆگرامی خۆپارێزی لە تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە دەست پێبکات و ساڵانە جارێک پشکنینی بەردەوام بکرێت.

 

 ئێستا ڕەشنووسی ڕێنماییەکانی هێزی ئەرکی خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزی ئەمریکا (USPS) لە ژێر پێداچوونەوەدایە، ڕێنماییەکانی پێشوو پێشنیاریان کردبوو کە زۆربەی ژنان لە تەمەنی ٥٠ ساڵییەوە دەست بە سکرینکردن و پشکنینی مەمک بکەن.

 

پزیشکان و پسپۆڕانی نەخۆشی شێررپەنجەی ئەمریکی سەیری توێژینەوەکان دەکەن لەسەر باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان و ڕایگەیاندووە، ئەگەر پێشنیارە نوێکەیان بۆ پشکنینی ژنان پەسەند بکرێت، ئەوا پێشنیارە نوێیەکان دەتوانن ژیانی ٪١٩ی دیکەی ژنان ڕزگار بکەن.

 

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، شێرپەنجەی مەمک دووەم باوترین شێرپەنجەیە لەنێو ژنانی ئەمریکیدا، هەروەها نزیکەی ٪١٣ی ژنانی ئەمریکی لە قۆناغێکی تەمەنیاندا تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن.

 

ڕێنماییە نوێیەکانی پشکنین بە تایبەتی بۆ ژنانی ڕەشپێست زۆر گرنگن، کە "ئەگەری مردنیان بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە ٪٤٠ زیاترە لە ژنانی سپیپێست"، دکتۆر واندا نیکۆڵسن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، دڵنیابوون لەوەی ژنانی ڕەشپێست لە تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە دەست بە پشکنینی پزیشکی دەکەن، هەنگاوێکی یەکەمی گرنگە، لەگەڵ ئەوەشدا بەس نییە بۆ باشترکردنی ئەو نایەکسانییە تەندروستییانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە کە پەیوەندییان بە شێرپەنجەی مەمکەوە هەیە.

 

ڕەشنووسی ڕێنماییە نوێیەکان ئەو ژنانە دەگرێتەوە کە مامناوەندی مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک هەیە، یان مێژووی خێزانەکەی نەخۆشییەکەیان هەیە، هەروەها ئەو ژنانەش دەگرێتەوە کە هۆکاری مەترسی دیکەیان هەیە وەکو شانەکانی مەمک چڕ، حاڵەتێک کە هەم مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات و هەروەها بە بەکارهێنانی مەمۆگرام دەستنیشانکردنی قورستر دەکات.