کاردانەوەکان بۆ دەستدرێژی ژینگە و شێواندنی شاخی گۆیژە بەردەوامی هەیە

لە ڕێکخراوی ئازادبوون چەند ڕێکخراوی فێمنستی ژینگەیی بۆ بەرهەڵستکاری تێکدانی ژینگەی کوردستان کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ڕێکخراوی ئازادبوون، لە شاری سلێمانی، تیمی ژینگەیی ڕێکخراوی ئازادبوون بانگەوازی بۆ بەرپەچدانەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی تێکدانی ژینگە کرد، ئەمەش لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداری چەند ڕێکخراوێکی ژینگەپارێز بەڕێوەچوو.

 

لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێست عەبدوڵا، سەرۆکی تیمی ژینگەیی ڕێکخراوی ئازادبوون، چەند ژنێکی وەک ئەندام لە ڕێکخراوە ژینگەییەکان، شوان محەمەد ڕۆژنامەنووس، باسیان لە باردۆخی ئێستای ژینگەی کوردستان کرد، بەتایبەت سلێمانی کە لە ئێستادا بۆ بەرفراوان بوونی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەستێوەردانی دەسەڵات دەکرێت لە ناوچەشاخاوییەکان، هەروەها باس لەو پێشێلکاریانە کرا کە بۆتە هۆی نەمانی سیمای سروشتی شاری سلێمانی.

 

هەڵوێست عەبدوڵا، سەرۆکی تیمی ژینگەیی ڕێکخراوی ئازادبوون، سەبارەت بە شێواندنی سیمای شار و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان وتی: ئێمەوەک تیمی ژینگەیی ڕێکخراوی ئازادبوون ئەم بارودۆخەی ژینگەی ئێستا کە بووەتە هۆی لەناوچوونی پانتاییەکی زۆر لە دار و درەخت، وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و شێواندنی سیمانی سروشتی شار، ئەمانە هەمووی دەستدڕێژیکردن و پێشێلکارییە بۆ سەر ژینگە.

 

هەروەها هەڵوێست عەبدوڵا، داوای لە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە کرد هەڵویستی خۆیان دەربخەن ناڕازاییەکانیان ئاڕاستەی دەسەڵادارن بکەن، هەموو ڕاگەیانداکاران و کەناڵەکان کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە سیمای شار و تێکدانی سروشت.

 

لەکۆتایی کۆبوونەکەدا ئامانجی خۆیان خستەڕوو کە بریتیبوو لەوەی، هەموو ڕێکخراوەکان کار بکەن بەکۆدەنگی و دروستکردنی کەمپنێک بۆ ڕاگرتنی دروستکردنی پرۆژەکان لە چیاکانی سلێمانی بەتایبەت کۆنفرانسەکان بەردەوامیان هەبێت لە پێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەناو هاوڵاتیاندا، هەروەها ئەم بابەتە ژینگەییانە بکرێت بە بابەتی ڕۆژ و میدیاکان گرنگی پێ بدەن.