کژار: دەستکەوتەکانی یەپەژە بە دەستکەوتی هەموو ژنانی کورد و ئازادیخواز لە جیهاندا دەبینین
کژار بە راگەیاندراوێک پشتگیری بۆ یەپەژە دەربڕی و ڕایگەیاند، کاتێک ناوچەکانمان لەلایەن داعشەوە داگیرکران و تیرۆر بەسەر گەلاندا سەپێندرا، یەپەژە لە بەرامبەر ئەو بەرخۆدانەدا وەستا و لە هەلومەرجی سەختدا شەڕی کرد.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لە ڕاگەیاندراوێکدا، پشتیوانی خۆی بۆ یەپەژە دەربڕی.
ڕاگەیاندراوی کژار بەم شێوەیەیە:
لە مێژووی ئەم دواییەی ڕۆژئاواو سووریادا ئەو هێزانەی لە ژێر ناوی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" ڕێکخرابوون، بوونە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی بەرخۆدان لە دژی تیرۆر و فاشیزم. ئەم هێزە کە لە پێکهاتەی کوردی و هەروەها گرووپە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکەوە هاتبوو، بە یەکدەنگی و باوەڕی ئاپۆ لە سەر ماف و ئازادی و ناسنامە و چارەی خۆنووسین کۆبوونەوەو خەباتیان کرد.
یەپەژە تەنیا هێزێکی سەربازی نییە؛ پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەیەکی ژیانە کە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی ژنان بونیاد نراوە. کاتێک ناوچەکانمان لەلایەن داعشەوە داگیرکران و تیرۆر بەسەر گەلاندا سەپێندرا، یەپەژە لە بەرامبەر ئەو بەرخۆدانەدا وەستا و لە هەلومەرجی سەختدا شەڕی کرد. ئەم هێزە بە دڵسۆزی و فیداکاری و خوێنیان چەندین ناوچەی ڕزگار کرد و ڕێگای بۆ گەڕانەوەی ژیان خۆش کرد،یەپەژە تۆڵەی سی هەزار ساڵەی زوڵم و چەوساندنەوەی ژنانی کە لەلایەن بکوژێکی کاستەوە کە بۆ هەر شوێنێک بچێت کۆیلەی کردوون، کردەوە.
لە هەمانکاتدا یەپەژەش لە دژی سیاسەتی داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە ناوچەکەدا وەستایەوە، لە زۆرێک لە ناوچەکاندا ژنانی یەپەژە بوون بە هێمای بەرخۆدانی ئەو ژنانەی کە نایانەوێت لە ژێر عەقڵییەتی سێکسیستی پیاوی باڵادەستدا بژین، بەرخۆدانی ئەوان تەنیا بەرخۆدانێکی سەربازی نەبوو؛ بەرخۆدان بوو لە شەرەف و ناسنامە و مافە سەرەتاییەکان.
ئێستا کە هەلومەرجی سیاسی سووریا لە گۆڕاندایە و باس لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکرێت، پێویستە بە فەرمی دان بە ڕۆڵ و شوێنی یەپەژەدا بنرێت. ئەم هێزە کە لە بەرەکانی شەڕدا بە قوربانیدانی گەورەوە گرێدراوە، دەبێت لە گۆڕەپانی سیاسیشدا پێگەیەکی هەبێت. دانپێدانانیان وەک بەشێک لە پێکهاتەی فەرمی سوریا نەک هەر مافێکە، بەڵکو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانە.
زەوتکردنی پێگەی یەپەژە نادادپەروەرییە بەرامبەر بەو قوربانیانەی کە ژنان لە پێناو ڕزگارکردنی هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەیدەن، هەروەها هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ داهاتووی سووریا. چونکە ئەو هێزانەی لەسەر بنەمای دیموکراسی و یەکسانی بونیاد نراون، ئەگەر لە گۆڕەپانی سیاسی دوور بخرێنەوە، دەتوانرێت جێگاکەیان بە هێزی نادیموکراسی و دژە کۆمەڵایەتی و توندڕەو پڕبکرێتەوە.
بۆیە پێویستە یەپەژە لە حکومەتی نوێی سووریادا وەک هێزێکی فەرمی، وەک نوێنەری ژنان و وەک بەرگریی بنەڕەتی کۆمەڵگە، پێگە و ناسنامەی سیاسی هەبێت. ئەمە تەنها داواکارییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو داواکارییەکی دادپەروەری و پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ ئایندەیەکی ئازاد و دیموکراسی.
بەرخۆدانی ژن بەرخۆدانی ژیانە، ئەو بەرخۆدانەش ئێستا دەبێت بە دانپێدانان و پێدانی پێگە تەواو بکرێت.
بەرخۆدانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆتە مایەی هێز و مۆڕاڵی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. ئەم کاریگەرییە بە ڕوونی لە پرۆسەی ڕاپەڕینەکانی ژنان و ژیان و ئازادیی لە ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٦دا دەرکەوتووە، بۆیە ئێمە وەک کژار دەستکەوتەکانی یەپەژە بە دەستکەوتی هەموو ژنانی کورد و ئازادیخواز لە جیهاندا دەبینین و پشتیوانی خۆمان بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی ژنان لە پێگەی نوێی سووریادا نیشان دەدەین. بیرکردنەوە لە یەپەژە لە سیستەمی نوێی سوریادا، واتە بیرکردنەوە لە داهاتووی ئازاد بۆ هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. بۆیە یەپەژە ئیتر تەنها لەشکرێکی ژنی کورد نییە و بووەتە بەهایەکی جیهانی. لەسەر ئەو بنەمایانە، ئێمە وەک کژار دیسانەوە پشتیوانی خۆمان بۆ بەشداریکردنی یەپەژە لە سیستەمی نوێی حوکمڕانی سووریادا نیشان دەدەین.