بێبەشکردنی ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی کوردستان لە بەشەناوخۆیی

خوێندکارە کچەکانی زانکۆی کوردستان بەهۆی ڕاپۆرتی ئەمنی زانکۆوە " لە جێگەی نیشتەجێبوونی بەشەناوخۆیی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە" ڕەتکرانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی سەندیکای خوێندکارانی ئێران هەواڵێکی سەبارەت بە دوورخستنەوەی کچانی زانکۆی کوردستان لە شوێنی نیشتەجێبوون لە بەشەناوخۆیی، بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکان بەبێ هۆکارێکی دروست و ئاگاداری پێشوەختە ڕاگەیاند.

 

بە پێی ئەم هەواڵە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی کچی زانکۆی کوردستان بەهۆی ڕاپۆرتی ئەمنیەوە نەیانتوانیوە بەشەناوخۆیی بۆ وەرزی نوێی خوێندن وەربگرن، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە بەشەناوخۆییەکان و بەکارهێنانی ئیمکاناتی زانکۆ بێبەش کراون.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "بەشێک لەو خوێندکارانەی کە پێشتر بەڵێنیان داوە لە لیژنەی دیسپلین، دووبارە ڕاپۆرتی سەرپێچیان لەسەر تۆمارکراوە، کە سەرچاوەیەکی ڕاستی نیە و هەروەها ڕاپۆرت لەسەر خوێندکارەکان تۆمارکراوە، لە هەندێک حاڵەتدا ئەم ڕاپۆرتانە ئەوەندە ناڕاستەقینە و زیادەڕەوییان تێدا کراوە وەک ئەوەی بەرپرسی پەیوەندیدار کێشەیەکی شەخسی لەگەڵ خوێندکارەکاندا هەبووبێت."

 

ئەنجومەنی سەندیکای خوێندکاران لە وەڵامی ئەم دەرکردنانەدا نووسیویەتی، بێبەشکردنی خوێندکار بەبێ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دیسپلین، بەبێ هیچ هۆکار و بەڵگەیەکی دیاریکراو و پشتبەستن تەنها بە ڕاپۆرتی ئەمنی، بەبێ ئاگادارکردنەوەی خوێندکار لە پرۆسەی کەیسەکە و بەبێ وەرگرتنی بەرگری لە خوێندکار، ڕوویداوە، کە بەتەواوی "نایاساییە".