سزای زیندانی بەسەر هاووڵاتیانی ئێران دەسەپێندرێت

چوار هاووڵاتی بەهایی بە ٢٠ ساڵ زیندانی سزادران، لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکان فاتیمە حسێنی کۆمەڵناس و توێژەری کۆمەڵایەتی لە فڕۆکەخانەی مەشهەد دەستبەسەر کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

گروپی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە ٤ هاووڵاتی بەهایی بە ناسنامەی شادی شەهید زادە، مەنسوور ئەمینی، وەلی ئەڵڵا قەدمیان و عەتا ئەڵڵا زافر، هەریەکەیان بە پێنج ساڵ و بە کۆی گشتی ٢٠ ساڵ زیندانی لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران سزا دران.

 

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان هەریەکێک لەو هاووڵاتییە بەهاییانە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە نایاساییەکان بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی ئێران" سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

 

هەروەها باس لەوەش کراوە، سەرەڕای ئەوەی دادگا لە ١٠ حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە و تا کاتێکی نادیار لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین زیندانی کراون.

 

بەردەوامیی گوشارەکان و سەپاندنی سنووردارکردنی سیستماتیکی بەسەر هاووڵاتییانی بەهایی بەردەوام بوو و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی دیکەی بەهایی بە هۆی چالاکییە پەروەردەییەکانیان بە ٣١ ساڵ زیندان سزا دراون.

 

دەستگیرکردنی فاتیمە حسێنی، کۆمەڵناس و توێژەری کۆمەڵایەتی

فایتمە حسێنی، کۆمەڵناس و توێژەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان، لە کاتی گەڕانەوەی لە سەفەر لە فڕۆکەخانەی مەشهەد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

 

باس لەوە کراوە کە فاتیمە حسێنی لە بەشێک لەو کۆبوونەوانەدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی کڵەبهاوس بەڕێوەچووە و بەشێک لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیەوە شی کردەوە و ڕەخنەی گرت، تا ئێستا هیچ هەواڵێک نیە لەبارەی هۆکار و تۆمەتەکانی کە بڕیارە بەسەریدا بسەپێندرێت.

 

شایانی باسە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە سایە سەیدال، سۆرۆناز میساغیان و دانیال ئەمین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.