توندوتیژی دژی ژنان تێچووی ئابووری دەبێت

لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان توندوتیژی دژی ژنان نزیکەی ٣.٧٪ی کۆی گشتی داهاتی ناوخۆ تێچوویی ئابووری دەبێت، زیاتر لە دوو هێندەی ئەوەی کە زۆربەی حکومەتەکان بۆ پەروەردە خەرجی دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

توندوتیژی جێندەری لە سەرانسەری جیهان، لە کۆمەڵگە دەوڵەمەند و هەژارەکاندا بەربڵاوە، دەتوانێت چەندین شێوەی جیاوازی هەبێت لەوانە جەستەیی، سێکسی، سۆزداری و ئابووری.

 

توندوتیژی جێندەری لە ماڵ و کۆمەڵگە و قوتابخانە و شوێنی کاردا ڕوودەدات، لە کاتێکدا کە نابێت هیچ ژنێک ڕووبەڕووی ببێتەوە بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر لە جیهان بەربڵاوبووە.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٣، زیاتر لە ٪٣٥ی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا تووشی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی بوون.

 

بەم دواییانە لە کۆبوونەوەی ستراتیژی سەنتەری توێژینەوە و بەڵگەنامەسازی داکۆکیکارانی ژنان WARDC سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان ڕایگەیاند کە لە هەندێک وڵاتدا، توندوتیژی دژی ژنان زیاتر لە ٣.٧٪ی کۆی گشتی داهاتی ناوخۆیی تێچوویی ئابووری دەبێت، زیاتر لە دوو هێندەی ئەوەی کە زۆربەی حکومەتەکان بۆ پەروەردە خەرجی دەکەن.

 

چەندین لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کە ئەو منداڵانەی کە بە توندوتیژی گەورە دەبن ئەگەری ئەوە زیاترە لە داهاتوودا ببنە ئەنجامدەری توندوتیژی، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری ئەوەیە کە هیچ سنوورێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری ناناسێت و کاریگەری لەسەر ژنان لە هەموو باکگراوندێکی کۆمەڵایەتی-ئابووری هەیە، هەر بۆیە ئەم پرسە پێویستی بە چارەسەرکردنە لە وڵاتانی گەشەسەندوو و بە هەمان شێوە لە وڵاتانی هەژارنشیین.

 

کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی فرەلایەن و بەشداریکردنی بەردەوام لەگەڵ چەندین لایەنی پەیوەندیدار هەیە، کاریگەرترین دەستپێشخەرییەکان کە باس لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی مەترسی بۆ توندوتیژی دەکەن، لەوانەش نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە ڕۆڵی جێندەری و قبوڵکردنی توندوتیژی کە پێویستە تاوتوێ بکرێت.

 

پراکتیزە کولتوورییە نەریتییەکانی نەیجیریا و باوەڕییەکانی کە لە کۆمەڵگە هەیە باڵادەستی سروشتی پیاوان بەسەر ژناندا دەپارێزن، هەروەها، دابونەریتی هاوسەرگیری لەم کۆمەڵگایەدا کە بریتییە لە پێدانی نرخی بووک و مارەیی، ئەو بەهایانە بەرەوپێش دەبات کە مافی خاوەندارێتی بە پیاوان دەبەخشێت بەسەر ژنان و دەبێتە هۆی هاندانی فرەژنی.

 

هەروەها  پەسەندکردنی زیاتری منداڵێکی کوڕ لە منداڵێکی کچ لەناو پێکهاتەی خێزانەکەدا لە ڕێگەی گروپە نەتەوەییە جیاوازەکانەوە لە نەیجیریادا بڵاوبووەتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کچان کەمتر ئیمتیازاتی پەروەردەیی و دەرفەتی دیکەیان پێدەدرێت بە بەراورد بە کوڕان تەنانەت لە بەرامبەر شارستانیەت و ئایینە مۆدێرنەکاندا کە کۆلۆنیالیزم و شارستانیەت هێناویەتییە ئاراوە، هەروەها ئەم کولتوورە لە ناو زۆربەی کۆمەڵگە و نەتەوەکانی دیکەشدا بوونی هەیە.