کرماشان، ژنێکی کورد دوای وەرگەڕاندنی ئۆتۆمبێلەکەی بە سێ فیشەک دەکوژرێت

ژنێکی کورد لە کرماشان دوای ئەوەی ڕازی نابێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەی بکات، بە فیشەک دەکوژرێت، پێش ئەوەش ئۆتۆمبێلەکەی وەردەگەڕێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووداوێکیان بڵاوکردەوە کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕوویداوە، ئەویش ڕووداوێکی هاتووچۆی بە مەبەستە کە کوشتنی ژنێک دەرەنجامەکەی بووە بە سێ فیشەک.

 

ئارەزوو ئولفەتی، ڕازی نابێت هاوسەرگیری بکات لەگەڵ ئەمیری ٣٨ ساڵ کە ئامۆزایەتی، بۆیە لە گەڕەکی ئاناهیتا لە کرماشان، ئەمیر بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلی ئارەزوودا و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات، خوشكێکی ئارەزووش لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە و باری ناجێگیرە.

 

دوای ڕووداوی هاتوچۆکە، ئەمیر تەرمی ئارەزوو دەردەهێنێت و سێ فیشەکی پێوەدەنێت، ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەمیر تەقەی لە ماڵی باوکی ئارەزوو کردووە و دەستگیر کراوە، بەڵام بە ڕەزامەندی باوکی ئارەزوو ئەمیر ئازادکراوە.

 

ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان لە جیهاندا ڕوو لە زیادبوونە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هەنگاوی چارەسەرییان بۆ نەهێشتنی حاڵەتەکان نەگرتووەتە بەر، لە وڵاتێکی وەکو ئێرانیش کوشتنی ژنان بە بیانوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی لە هەڵکشاندایە و یاسا پشتیوانی لە پیاوان دەکات.

 

ت.پ