کۆمپانیای چەتر هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارای بە مەراسیمێک بەبیرهێنایەوە
لە شاری سلێمانی مەراسیمی یەکەمین ساڵیادی شەهیدانی ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد “گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین” بەڕێوەدەچێت و هەردوو ڕۆژنامەنووس بەبیرهێندرانەوە.

سلێمانی
ئەمڕۆ ٢٣ی ئاب، لە ساڵیادی بە ئامانج کردنی هەردوو شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا لە ناوەندی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی، مەراسیمی یەکەمین ساڵیادی شەهیدکردنیان دەستیپێکرد، لە مەراسیمەکەدا خانەوادە و هاوکار و هاوخەباتانی هەردوو شەهید، خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد، وڵاتپارێزان، ئازادییخوازان و ڕۆژنامەنووسان بەشدارن.
لە سەکۆی مەراسیمەکەدا وێنەی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد "گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین، وەدات حسێن، جیهان بیلگین، عەزیز کۆیلوئۆغلو، نازم داشتان و چەند شەهیدێکی دیکە" گوڵ و مۆم داندراوە.
دەستپێکی مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان ڕێز لە هەموو شەهیدان گیراو پاشان وتاری کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی لەلایەن ڕۆژنامەنووس سنوور ڕەحمان خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە: ڕۆژنامەنووس ویژدانی کۆمەڵگە و ڕووناککەرەوەی حەقیقەتە، یادی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا-وێنەیەکی نەمریی، یەک ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا، بەر لەوەی ڕۆژ بە تەواوی باڵ بەسەر شارەزووردا بکێشێت، کاتژمێر ١٠:٠٠ـی سەرلەبەیانی هەڤاڵانی ئێمە هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس “هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا” بە دەستی دەوڵەتی تورکیا شەهیدکران. تا ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم بە شێوازێکی وارەیی دژی ئەم تاوانە هەڵوێستی نەنواندووە و ئامادە نەبووە وەک قوربانیی هێرشی تورکیا دانی پێدابنێت.
ڕۆژنامەگەریی و چاپەمەنی، لە دۆخی کوردستاندا کردنەوەی ئەو پەنجەرەیە بووە بۆ دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی داگیرکەران و هاوئاوازەکانیان. ئەو دەسەڵاتەیان بە درۆخستەوە، کە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانی شەڕی تایبەتەوە هەوڵدەدات کۆمەڵگە چەواشە بکات.
ئەمڕۆ لە ئاستی جیهان و ناوخۆشدا بۆ ئەوەی پەردە بەسەر حەقیقەتدا بکێشن و ڕاستییەکان چەواشە بکەن، ڕۆژنامەوان بە ئامانج دەگرن. ساڵی ڕابردوو لەگەڵ هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس هاوکات ڕۆژنامەوانان جیهان بیلگین، نازم داشتان و موراد میرزا، عەزیز کۆیلۆغلوو بە ئامانج گیران و شەهیدبوون. لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی شەڕ و ئاڵۆزیی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەندین جێگەی تریش وەک “غەزە” بە دەیان ڕۆژنامەوان کراونەتە ئامانج.
بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕۆژنامەوان و شێواندنی ئەرکی کارەکتەری ڕۆژنامەگەر تا ئەم ساتە بەردەوامە. تەنانەت بڕیاری دادگا بۆ درێژکردنەوەی سزای شێروان شێروانی بۆ ماوەی چوار ساڵ لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە بە ئاشکرا پێمان ئەڵێت؛ دۆخی ڕۆژنامەگەریی و ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستان چەندە لەژێر مەترسیدایە. حکومەتی هەرێم لە ماوەی ٣٤ ساڵ دەسەڵاتی خۆی شوێنێکی ئارام نەبووە بۆ ڕۆژنامەوانان و تاکوو دەچێت خراپتر دەبێت.
لە بەرانبەر ڕۆژنامەگەریی ئازاد ئەوەی پێشی دەخەن، ڕۆژنامەگەریی شەڕی تایبەتە کە لەلایەن دەزگا و دەوڵەتە دەرەکی و هێزە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و بووەتە هۆکاری بە لاڕێدابردنی ڕاستیی کۆمەڵگە و تەمومژاویکردنی. بۆیە لەناو دۆخێکی وەهادا پێداگریی لەسەر حەقیقەتی کۆمەڵگە ئەرکێکی ئەخلاقی و بناغەی ئافراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادە.
لە یەکساڵەی شەهادەتی هەردوو ڕۆژنامەنووس “هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا” لە ڕێگای پڕ لە هەورازی ئازادی و بەیانکردنی حەقیقەت، بەردەوام بووین و هەوڵماندا ببین بە سەکۆیەک بۆ دەنگی ئازاد و ڕاستیی کۆمەڵگە. ببین بە هەڵگری میراسی ئەو شەهیدانەی تا دواهەناسە بۆ ڕاستی و ئازادی بوون بە پێشەنگ.
لێرە لەبەردەم ڕۆحی ئەوان و ئێوەدا لەگەڵ سوێند و پەیمانی خۆمان بۆ بەردەوامکردنی ڕێگاکەیان دووپات دەکەینەوە و بۆ دادپەروەری و ئاشکراکردنی دەستی تاریکی پشتی شەهیدکردنی ئەوان پێداگرتر دەبین.
وەک دەزگای چاپ و ڕاگەیاندنی چەتر بە دووشمی “با ببیین بە دەنگ و ڕەنگی حەقیقەت” بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە لە کارەکانمان بەردەوام دەبین. ڕێبواری ڕێگای هەڤاڵ گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و شەهیدانی ڕۆژنامەگەریی ئازاد دەبین، شەهیدان ڕووناکی ڕێگامانن.
دواتر ڕۆژنامەنووس تەوار عادل، وەک نوێنەری ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد وتەیەمی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای هەموو ڕێگری و بە ئامانجگرتنەکان لەماوەی پەنجا ساڵی خەبات و بەرخۆدانی دەنگی هەقیقەتدا، بەڵام ڕاگەیاندنی ئازاد لە دەنگی حەقیقەت ناکشێتەوە و وتیشی: ئەوە میراتی ئەو ژنە ئازایانەی ناو ڕاگەیاندنی ئازادە کە شەهید بوون و بەئامانج گیراون، کە ئەم پێگەیەی بە ژنانی ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد بەخشیوە کە بەڕوونی داگیرکەران و دەسەڵات لە دەنگییان دەترسن.
پاشان سینەفزیۆنێک دەربارەی ژیانی هەردوو ژنە شەهیدەکە، پێشکەشی ئامادەبووان کرا، کە تێیدا باس لە ئازایەتی و ئازادی و نیشتیمانپەروەریی و کارەکانی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووسەکە کرابوو.
لەدواتردا پەیامی خانەوادەی شەهید گوڵستان تارا، لەلایەن ئەحمەد تەکیکی برای پێشکەشکرا و باسی لە شەهیدبوونی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس کرد و هەروەها ڕۆژنامەنووسانی شەهیدی لە ڕۆژئاوای کوردستان نازم داشتان و جیهان بیلگینی بەبیرهێنایەوە و هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە لە باتمانی باکووری کوردستان لە هەمان ڕۆژدا ساڵیادی شەهادەتی شەهیدان بەڕێوە دەچێت.
لەپاشاندا پەیامی خانەوادەی شەهید هێرۆ بەهادین لەلایەن بێریڤان بەهادینەوە پێشکەشکرا و باسی لە ئازایەتی و پاکی و نیشتیمانپەروەریی هێرۆ بەهادین کرد و وتیشی: هیوادارین ئەوەی کە بە قەڵەمێک و میدیایەک پشتگیری لە داگیرکەران کردووە و بەشداربووە لەم تاوانە بە سزای خۆی بگات، ئێمە هیچ داواکادیمان لە دەسەڵات نییە، چونکە دەسەڵاتی ئێ
ە کوێر و کەڕ و بێدەسەڵاتە و نەک گەر ڕێگریی لەم تاوانانە ناکا، بەڵکو تەنانەت هیچ هاوخەمییەکیشی پێشمەش بە خانەوادەی شەهیدان نەکردووە.
دوای ئەوە دیاری محەمەد بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ وتاری سەنتەری میترۆی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە شەهیدکردن و بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگە و هاوکات وتیشی: درێژکردنەوەی سزای سەر ڕۆژنامەنووس شیروان شێروامی دەرخەری ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسان چەند لە ژێر مەترسیدان و پارێزراو نین و تا ڕادەیەکیش ئەو گومانانەی سەبارەت بە دادگاکانی کوردستان هەبوو پشتڕاست دەکاتەوە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا لەلایەن دایکانی شەهیدەوە خەڵاتی تاجە گوڵینە پێشکەشی شەهیدان کرا و هاوکات بە نوێنەرایەتی هێمن مامەند خەڵاتی بنەماڵەی شەهید مامۆستا جیهان تەها، پێشکەشی هەردوو زانەوادەی شەهیدانی ڕۆژنامەنووس کرا.
" لەسەر ڕێچکەی هەڤاڵان بەردەوام دەبم"
دیدار شەهلا، ڕۆژنامەنووسی ئازاد، دەڵێت: ساڵێک بەسەر شەهیدکردنی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنوس گوزەردەکات، دەبینین خانەوادەی شەهیدان خاوەنداری لە شەهیدان و ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەکەن، ئێمەی ژنان لە کۆنەوە لە ڕاگەیاندنی ئازادا کاردەکەین و خەبات بۆ ئازادی و دەنگی حەقیقەت دەکەین، وەک خاوەندارییەک بۆ هەردوو شەهید گوڵستان و هێرۆ درێژەدەری خەباتیان دەبین، بەڵێن دوپات دەکەینەوە درێژەدەریڕێگایان دەبین.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتیشی: وەک ژنێکی ڕۆژنامەنووس لەسەر ڕێچکەی شەهیدان، "گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین عەزیزی کۆیلۆغلو، نازمداشدان و جیهان بیلگین" کە لەماوەی ئەمساڵدا شەهید کران بەردەوام دەبم.