ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی شەریفە محەمەدی دەکات

لقی نەمسای ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی چالاکییەکانی شەریفە محەمەدی بە ئاشتیخوازانە پێناسە دەکات و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی شەریفە و ئازادکردنی بەبێ مەرجی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵمەتی بەرگری لە شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت و سزادراو بە سزای لەسێدارەدان سەبارەت بە هەڵوێستی لقی نەمسای ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بۆ شەریفە محەمەدی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، ڕێکخراوەکە چالاکییەکانی شەریفە محەمەدی بە ئاشتیخوازانە پێناسە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، چالاکییەکانی تاوان نییە و بۆ مافەکانی ژنان و کرێکاران تێکۆشاوە، بەڵام لە ئێستادا ڕووبەڕووی هەڕەشەی سزای لەسێدارەدان بووەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نەمسا داوا لە هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی شەریفە واژۆ کۆبکەنەوە و بۆ بەرپرسانی ئێرانی بنێرن بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بەم بڕیارە ناڕەوایە.

 

باس لەوەشکراوە، ڕێکخراوەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی و ئازادکردنی بەبێ مەرجی دەکات.

 

لە ٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، شەریفە محەمەدی خەڵکی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری ڕەشتی ئێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شارەکە بە بێ فەرمانی دادوەر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا، دواتر بۆ زیندانی لاکانی ڕەشت گواسترایەوە، لە٥ـی تەممووزی ٢٠٢٤ بە تۆمەتی “یاخیبوون” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ١٦ـی ئابی ئەمساڵدا، لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران بڕیارەکە بە تەواوی پەسەند کرا.