ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانیان بەرز ڕاگرت
ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ۱٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، بە دروشمی " ۱٠ ساڵە ئازارەکانی شەنگال ساڕێژ نەبوون " و " تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان پەڵەیەکی ڕەشە بە ڕووی مرۆڤایەتییەوە " چالاکییەکیان ڕێکخست.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/08/20240804-img-6747-jpege88fa5-image.jpg)
سلێمانی
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ڕێکخراوی ئازادبوونی شاری سلێمانی، یادی۱٠ ساڵەی جینۆساید کردنی شەنگال، لە لایەن ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید، بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ۱٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، بە دروشمی " ۱٠ ساڵە ئازارەکانی شەنگال ساڕێژ نەبوون " و " تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان پەڵەیەکی ڕەشە بە ڕووی مرۆڤایەتییەوە " ، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا و ڕایانگەیاند دەبێت تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن و قورەبووی هاوڵاتیان بە ماددی و مەعنەویی بکرێنەوە.
لە درێژەی کۆنگرەکەدا، لە لایەن ئاراس خەلیل، ئەندامی ڕێکخراوی بواری جینۆساید، لە بەیان نامەکەدا جەختی لەوەکردەوە، لە سەرەتای جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان پیاوانیان شەهیدکرد و دەستدرێژیان بۆسەر ژنان و منداڵان ئەنجامدا، ژنانیان وەک کاڵایەک بەکار دەهێنا لە لایەن چەکدارانی داعشەوە.
لە درێژەی بابەتەکەدا، وتی: پێویستە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی شەنگال بۆ هاوڵاتیانی و ڕای گشتی بخرێتەڕوو، پەلە بکرێت لە پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان و هاوکاری مادیی بکرێن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانیان و دووبارە بونیادنانەوەی ماڵەکانیان، قەرەبووی تەواوی ئەو ژنانە بکرێت کە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە بەکار دەهێندران و بازرگانیان پێوە دەکرا، هەڵدانەوەی گۆڕە بە بەکۆمەڵەکانی ئێزدییەکان و کار بکرێت بۆ هێنانەدی ئارامی و سەقامگیری سیاسیی لە شنگالدا، هەروەها ڕۆحی برایەتیی و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە نێوان ئێزدییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بەهێز و بتەو بکریت بە شێوەیەک کە تیرۆر نەتوانێت سود لە جیاوازی ئاین و بیر و ڕای جیاوازی ئەم پێکهاتەنە ببینیت بۆ نانەوەی پێشێوی و ئاژاوە.