ئێران: بەرزی پلەکانی گەرما بووەتە هۆی پچڕانی ئاو و کارەبا

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا و پیسبوونی هەوا، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە سەرجەم ڕێکخراوە حکومی و تایبەتییەکان لە ئێران دادەخرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، وتەبێژی حکومەتی ئێران بەهۆی شەپۆلی نوێی گەرمای ئەم وڵاتە، داخستنی دامودەزگا حکومی و تایبەتییەکانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕاگەیاند.

 

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە سەرتاسەری وڵات دامودەزگا حکومی و تایبەتەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دادەخرێن.

 

لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە پێشنیازی ڕاگەیاندنی پشوو بەهۆی گەرما پێشکەشکرا و ئەمڕۆ پەسەندکرا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ ٤٠ پلە لە ڕۆژی پێشوودا.

 

لەکاتێکدا وەزیری تەندروستی داوای لە خەڵک کرد لە ڕۆژانی گەرما بڕی پێویست ئاو بخۆنەوە و لە شوێنی فێنک بمێننەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە جەڵتەی گەرما بکەن، زیاتر لە نیوەی شارەکانی ئێران لە ڕۆژدا بێ ئاون و هەروەها لە کاتژمێری دیاریکراوی ڕۆژدا کارەبا دەبڕدرێت.

 

بارودۆخی بەشێک لە شارەکان مەترسیدارە، بەتایبەت لە شارەکانی وەک سیستان و بەلوچستان و بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانە دیواندەرە، شەوی ڕابردووش دیواندەرە شایەتی ناڕەزایەتی بەربڵاوی هاوڵاتیان بوون لە دژی بڕینی ئاو.