توێژینەوەکان دەریدەخەن  لە ڕیسایکلکردن، مایکرۆپلاستیکەکان وەک پیسکەرێکی بەردەوام دەمێننەوە

دامەزراوەکانی ڕیسایکلکردنی پلاستیک  ئاوی پیسی پڕ لە ملیارەها گەردیلەی پلاستیکی بچووک دەخەنە ژینگەوە، ئەمەش بەشدارە لە پیسبوونی ڕێڕەوی ئاوەکان و تەندروستی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن کە دامەزراوەکانی ڕیسایکلکردنی پلاستیک دەتوانن ئاوی پیسی پڕ لە ملیارەها گەردیلەی پلاستیکی بچووک ئازاد بکەن، ئەمەش بەشدارە لە پیسبوونی ڕێڕەوی ئاوەکان و تەندروستی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە.

 

تیمێک لە زانایانی نێودەوڵەتی نمونەی ئاویان لەناو دامەزراوەیەکی نوێی ڕیسایکلکردن لە شوێنێکی ئاشکرا نەکراو لە بەریتانیا وەرگرت، ئەوان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە دامەزراوەکە دەتوانێت تا ٧٥ ملیار مایکرۆپلاستیک ئازاد بکات کە پارچە پلاستیکی بچووکە کە درێژییەکەی کەمترە لە ٥ ملیمەتر، یان ٣/١٦ ئینج بۆ هەر مەتر سێجایەک ئاوی پیس لە ساڵێکدا، ئەوەش نزیکەی ٦٪ی ئەو پلاستیکەیە کە چووەتە ناو دامەزراوەکە بۆ ئەوەی دووبارە بەکاربهێنرێتەوە.

 

توێژەران پێش دانانی سیستەمی پاڵاوتنی ئاوی دامەزراوەکە، هەروەها دوای دانانی سیستەمی پاڵاوتنی ئاوەکە، ئاوە پیسەکانیان تاقیکردەوە، بۆیان دەرکەوت کە لەکاتێکدا سیستەمەکە نزیکەی ٪٩٠ی مایکرۆپلاستیکەکانی گەورەتر لە ١٠ میکرۆمتر فلتەر دەکات، بەڵام پارچە بچووکەکانی لە ١٠ میکرۆمتر لانەبردووە.

 

توێژینەوەکە کە لەم دواییانەدا لە گۆڤاری پێشکەوتنی ماددە مەترسیدارەکاندا بڵاوکراوەتەوە، پێشنیاری ئەوە دەکات کە کارگەی ڕیسایکلکردنەکە ساڵانە تا ٢٩٣٣ تۆن مایکرۆپلاستیک پێش سیستەمی پاڵاوتنی ئاو، ساڵانە تا ١٣٦٦ تۆن مایکرۆپلاستیک دوای ئەوەی سیستەمەکە بووە لەشوێنی بڵاودەکەنەوە.

 

ئیرینا براون، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، توێژەر لە زانکۆی ستراتکلید لە سکۆتلەندا، بە مۆنگبای دەڵێت: "ئەگەر پێمان وانەبووایە هیچ پیسبوونێک لە ئاوەکەدا هەیە، ئەم توێژینەوەیەمان نەدەکرد، بەڵام ئەوە تەنها ژمارەیەکی شۆککەر بوو، چونکە زیاتر لە ٪٨٠ی ئەو تەنۆلکانەی کە دۆزیمانەوە لە ژێر ١٠ مایکرۆن بوون، کە دەرکەوتووە بەڕاستی زیانبەخشن، چ بۆ مرۆڤ و چ بۆ زۆر زیندەوەری جیاواز."

 

لە ئێستادا جیهان ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەم دەهێنێت، بەڵام تەنها نزیکەی ٩٪ ڕیسایکل دەکرێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە دامەزراوە جیهانییەکانی ڕیسایکلکردنی پلاستیک دەتوانن ساڵانە نزیکەی ٢ ملیۆن تۆن پاشماوەی مایکرۆپلاستیک بەرهەم بهێنن.

 

هەروەها ئەنجامەکان ئاستی بەرزی مایکرۆپلاستیک لە هەوای دەوروبەری دامەزراوەی ڕیسایکلکردنی پلاستیکدا دەرکەوتووە، کە ٦١٪ی تەنۆلکەکان قەبارەیان کەمترە لە ١٠ میکرۆمتر، توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کاتێک پلاستیکەکان بەم قەبارەیە هەڵمژراون، لەوانەیە ببنە هۆی نەخۆشی نێوان سییەکان و نەخۆشییەکانی دیکەی کۆئەندامی هەناسەدان.

 

لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢، نوێنەرانی ١٧٥ وڵات ڕێککەوتن لەسەر پەرەپێدانی چوارچێوەیەکی پابەندکەری یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی پلاستیکی جیهانی، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە “پەیماننامەی جیهانی پلاستیک” ناسراوە، بەڵام گەلان هێشتا باس لەوە دەکەن کە پەیماننامەکە دەبێت چ بڕگەیەک بگرێتەوە، لەوانە چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕیسایکلکردنی بەرهەمە پلاستیکیەکاندا بکرێت، هەروەها چۆن دەبێت مەرجەکانی پەیماننامەکە جێبەجێ بکرێت.