پلەکانی گەرما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو هێندە خێراتر لە تێکڕای جیهانی بەرز دەبنەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی زانستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست نزیکەی دوو هێندە خێراتر لە جیهان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبنەوە، قەیرانەکانی کەشوهەوا هاوتەریب لەگەڵ جەنگ و ململانێکان دۆخی هاوڵاتیانی سەخت کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی سەنتەری توێژینەوەی کەشوهەوا و بەرگەهەوای پەیمانگای قوبرس و پەیمانگای ماکس پلانک، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست نزیکەی دوو هێندە خێراتر لە جیهان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبنەوە.

 

دۆزینەوەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا  لە ١٠٠ ساڵی داهاتوودا پلەکانی گەرمی گشتی بە پێنج پلەی سەدی بەرز دەبێتەوە ئەگەر دەستبەجێ هیچ هەنگاوێکی کاریگەر لەلایەن وڵاتانەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە نەگیرێتەبەر ئەوا گۆڕانەکانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ژینگەی ئەم وڵاتانە دەبێت.

 

بارودۆخی کەشوهەوای توندی لێدەکەوێتەوە وەک لافاوی کوشندە لە فوجەیرە لە ئیمارات، وشکەساڵی بەرفراوان، کارەساتی سروشتی وەک زنجیرەی بوومەلەرزە لە تورکیا، و بە گشتی ئاستی دابەزینی ئاوی ژێر زەوی هەموویان دەتوانرێت وەک نیشاندەری ئەو ڕێگایانە سەیر بکرێت کە گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت کاریگەری لەسەر دروست بکات و ژیانی دانیشتوانی ناوچەکان بخاتە مەترسییەوە.

 

کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕووی قەیرانی نیشتەجێبوون و کەمبوونەوەی ئاسایشی خۆراک و کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانەکان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتە سەرەتاییەکانی وەک ماسیگرتن، کشتوکاڵ، دارستان و کانگاکان، هەم لەسەر ئابووری و هەم لەسەر کۆمەڵگە دەبینرێت.

 

گۆڕانی کەشوهەوا، سەرەڕای بۆچوونە جیاوازەکان، گەیشتووەتە قۆناغێکی پشتگوێ نەخراو، ڕاپرسییەکی جیهانی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف ئاشکرای کردووە کە گۆڕانی کەشوهەوا وایکردووە گەنجان لە سەرانسەری جیهاندا بە پلانەکانیان کار بۆ سەقامگیرکردنی نادڵنیایی داهاتووی خۆیان لە هەسارەکە دەکەن.

 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری جیهان چەندین هۆکار هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دۆخەکە هەیە، وەک نموونەکانی شەڕی چەکداری لە سەرانسەری ئەفغانستان تا سۆماڵ، مالی تا یەمەن، فەلەستین بۆ ئیسرائیل، کاتێک مەترسییەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا و بارودۆخی توندی کەشوهەوا لەگەڵ کاریگەرییەکانی شەڕدا تێکەڵ دەکرێن، دەرئەنجامەکانی چەند هێندە زیاد دەبن  ئەمەش وا دەکات دانیشتوانی لاواز لەم ناوچە کێشەلەسەرانەدا زیاتر بەرکەوتەی کاریگەرییە توندەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بن.

 

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان ئەوەی وایکردووە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ئامادەبێت بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بە بەراورد بە هەندێک ناوچەی دیکەی جیهان، تایبەتمەندییە جوگرافییەکانە وەک بەرفراوانی گەورەی بیابان و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی.

 

دەستپێشخەرییەکەی ئیمارات بۆ ساڵی ٢٠٥٠ سفری پاک هەڵمەتێکی نیشتمانییە بۆ گەیشتن بە ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە پاکی تا ساڵ  ٢٠٥٠ دەستپێشخەرییەکە هاوتەریبە لەگەڵ ڕێککەوتنی پاریس کە گرنگی بە کەمکردنەوەی گازی گەرمخانەیی و سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان دەدات.