لە وەرزی بەهار هەستیاری چاو زیاد دەکات

بەهۆی گۆڕانی وەرز لە سەرەتای بەهاردا کەسانێک هەیە هەستاریان بۆ دروست دەبێت کە چەند نیشانەیەک لە خۆدەگرێت، لەوانە پژمینی یەک لە دوای یەک، خورانی چاو و تەنانەت هەندێک نیشانەی پەتای وەرزیشی لەگەڵدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەستیاری وەرزی لە کەسێک بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەشێکی خەڵکی لە سەرەتای وەرزی بەهار و سەرەتای وەرزی پایز تووشی دەبن.

 

هۆکاری سەرەکی هەستیاری وەرزی دەگەڕێتەوە بۆ دەنکەهەڵاڵە و سیستەمی ژیانی درەخت و گوڵەکان لە هەردوو وەرزەکەدا و گواستنەوەی دەنکە هەڵالەکان بەناو هەوادا بەڕاددەیەکە دە دەتوانێت سەدان میل زیاتر بڵاوببێتەوە، بەڵام دەکرێت تەپوتۆز و هەندیک جۆری کەڕوەکانیش ببنە هۆکار بۆ دروستکردنی هەستیاری.

 

چارەسەرکارانی پزیشکی ئامۆژگاری خەڵکی دەکەن، کە هەوڵبدەن لە کاتی ڕەشەبا و سەرەتای بەیانیان نەچنە دەرەوە چونکە لەو کاتانەدا کە ڕێژەی دەنکە هەڵاڵە زۆرە لە هەوادا و ئەگەری توشبوون بە هەستیاری هەیە، لە ماڵ و لە ئۆتۆمبیل پێویستە خۆیان بە دووربگرن لە بەرکەوتنی هەوا بە بەردەوامی، لە ئۆتۆمبیلدا وا باشترە جامەکان دابخەن و لە ماڵیشدا دەرگا و پەنجەرە بە بەردەوامی نەکرێتەوە بۆ ڕیگریکردن لە تووشبوون بە هەستیاری.

 

هەروەها ئاژەڵەکانی وەک سەگ و پشیلە لە ماڵدا لە شوێنی خەو و نانخواردن دانەنرێت، چونکە کاتێک دەچنە دەرەوە بەهۆی زۆری جوڵەیانەوە دەکرێت ڕێژەیەکی زۆر لە دەنکە هەڵاڵەکان هەڵبگرن کە ئەمەش وادەکات ببنە هۆی گواستنەوەی ئەو کەسانەی لەگەڵیدا دەژین.

 

هەستیاری چاو یەکێکە لەو نەخۆشییانەی کە بەهۆی هەستیاری لە وەرزی بەهار دروست دەبێت و چەندین نیشانەی هەیە کە دەبێتە هۆی بێزارکردنی کەسەکە، لەوانە، خوران و سووربوونەوەی چاوەکان، ئاو کردنی چاو، هەستیاری بۆ ڕووناکی بەجۆرێک نەخۆش بە زەحمەت دەتوانێت چاوی بکاتەوە لەبەر ڕۆژ و ڕووناکی گڵۆپ و هەندێک جار کەسەکە هەست دەکات کە گرێیەک لە چاویدا هەبێت و پێڵوی چاوی ئەستوور دەبێت و بە گشتی هەست بە تێکچوونی بینین دەکەن.