خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ-دەرونناسی بۆ گرفتەکانی مرۆڤ

مژدە عەلی- نووسەرو مامۆستا

گومانی تێدا نییە مرۆڤ لە جیهانی هاوچەرخدا، لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا دەژی،ناخێکی لێوانلێوە لە ململانێی دەروونی، و دەرەوەیەکی ئاڵۆز کە بە یاسا و پێکهاتە سۆسیۆلۆژییەکان تەنراوە بۆ ماوەیەکی درێژ، وابستەییەکانی مرۆڤ و گرفتە دەروونییەکانی وەک گۆشەگیری، دڵەڕاوکێ، و خەمۆکی، وەک کێشەیەکی سەمیمی و دابڕاو لەناو دیواری تاقیگە دەروونناسییەکاندا تەماشا دەکران. بەڵام ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە پێمان دەڵێت: ناخی مرۆڤ هێندەی ئاوێنەیەکە بۆ ڕەنگدانەوەی هاوسەنگی یان شڵەژانی ژینگەکەی، هێندە قەوارەیەکی سەربەخۆ نییە. لێرەوە گرنگیی باڵای زانستی سۆسیۆلۆژیا (کۆمەڵناسی) وەک کەرەستەیەکی ڕزگارکەر سەر هەڵدەدات.

 

سۆسیۆلۆژیا تەنها زانستی ناسینی پێکهاتە گەورەکان و دیاردە گشتییەکان نییە، بەڵکو پردێکە کە تاک لە تێگەیشتنێکی چەقبەستووی دەرونناسییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاسۆیەکی فراوانتر؛ ئاسۆیەک کە تێیدا مرۆڤ درک بەوە دەکات کە برینە دەروونییەکانی، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو فشار، دابونەریت و سیستەمە گشتییانەن کە تێیدا گەورە بووە. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ قووڵبوونەوە لەو هاوسەنگی و پەیوەندییە دیالێکتیکییەی لە نێوان دەروونناسی و کۆمەڵناسیدا هەیە، و پیشاندانی ئەوەی کە چۆن تێڕوانینی سۆسیۆلۆژی دەبێتە پێویستییەکی حەتمی و کلینیکی بۆ شیکردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ گرفتە فرەڕەهەندەکانی تاکی مۆدێرن. یەکەم/خەیاڵدانی سۆسیۆلۆژی؛ پردی نێوان کێشەی تاک و قەیرانی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی بتوانین لە ناخی مرۆڤ و گرفتەکانی بگەین، ناتوانین تاک وەک قەوارەیەکی دابڕاو لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی سەیر بکەین. لێرەوە کۆمەڵناسی ناوداری ئەمریکی، سی. ڕایت میڵز، چەمکێکی بنەڕەتی پێشکەش دەکات بە ناوی "خەیاڵدانی سۆسیۆلۆژی ئەم چەمکە هێزێکی فیکری دەبەخشێتە تاک تا بتوانێت پەیوەندی نێوان کێشە دۆزەخییە تایبەتییەکانی خۆی و قەیرانە گشتییەکانی پێکهاتەی کۆمەڵگا بدۆزێتەوە.

 

میڵز جیاکارییەکی گرنگ لە نێوان دوو چەمکدا دەکات: *کێشە تایبەتییەکان ئەو گرفتانەن کە لە چوارچێوەی ژیانی تایبەتی تاک و پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانیدا ڕوودەدەن (وەک کێشەیەکی خێزانی یان شکستی دارایی کاتی). *قەیرانە گشتییەکان ئەو بابەتانەن کە پەیوەندییان بە پێکهاتە، دامەزراوە و مێژووی کۆمەڵگاوە هەیە. بۆ نموونە؛ ئەگەر لە شارێکدا تەنها یەک گەنج بێکار بێت، ئەمە گرفتێکی تایبەتی خۆیەتی و دەکرێت بڵێین بەهۆی تەمبەڵی یان نەبوونی لێهاتووییەوەیە (لێرەدا دەروونناسی یان گەشەپێدانی مرۆیی هۆکارەکەیە). بەڵام ئەگەر لە هەمان شاردا ڕێژەی بێکاری بگاتە لەسەدا ٣٠، ئیتر ئەمە کێشەی تەمبەڵی گەنجان نییە، بەڵکو قەیرانێکی سیستمی و ئابوورییە. لێرەدا سۆسیۆلۆژیا تاک لە ژێر لۆمەکردنی بەردەوامی خود ڕزگار دەکات و پێی دەڵێت کە فشارە دەروونییەکانی، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هاوکێشە دەرەکییەکانن.

 

دووەم/ دیالێکتیکی دەروون و کۆمەڵ؛ سۆسیۆلۆژیا و دەروونناسی بێگومان پەیوەندی نێوان سۆسیۆلۆژیا و دەروونناسی، پەیوەندییەکی تەواوکاریی مێژووییە. ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی درێژ وەک دوو زانستی جیاواز ململانێیان بوو، بەڵام مرۆڤی مۆدێرن بەبێ ئاوێتەکردنی ئەم دوو زانستە فۆرمۆڵە ناکرێت. جیاوازی و بەستەرەوەی سەرەکی نێوانیان لەم خاڵانەدا چڕ دەبێتەوە: -دەروونناسی لە ژێر مایکرۆسکۆپدا سەیری ناوەوەی مرۆڤ دەکات؛ سەرنج دەخاتە سەر پێکهاتەی دەماری، هۆرمۆنەکان، پرۆسە مەعریفییەکان، هەستەکان و کەسایەتیی تاک. -سۆسیۆلۆژیا لە ژێر تێلسکۆپدا سەیری دەرەوەی مرۆڤ دەکات؛ کارلێکەکان، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان، ململانێی چینایەتی و کاریگەری دامەزراوەکان (خێزان، قوتابخانە، میدیا) لەسەر مرۆڤ دەپشکێنێت. کاتێک ئەم دوو جیهانە لە یەک خاڵدا یەک دەگرن، زانستی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی لەدایک دەبێت، کە دەپۆڵێتەوە: چۆن بوونی ڕاستەقینە یان خەیاڵی کەسانی تر، بیرکردنەوە و ناخی تاک کۆنترۆڵ دەکات.

 

بۆ نموونە، کاتێک تاکێک ڕووبەڕووی گرفتێکی وەک گۆشەگیری یان خەمۆکی دەبێتەوە، هاوکاری و نێوەندگیری هەردوو زانستەکە بەم شێوازە دەبێت: کاتێک تاکێک ڕووبەڕووی گرفتێکی ئاڵۆزی وەک گۆشەگیری یان خەمۆکی دەبێتەوە، هاوکاری و نێوەندگیری ئەم دوو زانستە بە شێوازێکی تەواوکاری ڕەنگدەداتەوە. لە لایەکەوە، دەروونناسی تیشک دەخاتە سەر قوڵایی ناوەوەی کەسەکە؛ ڕەگی کێشەکە لە ناهاوسەنگی کیمیایی مێشک، تڕاوما و شۆکە سۆزدارییەکانی قۆناغی منداڵیدا دەبینێتەوە، و بۆ دەستنیشانکردنیشی پشت بە تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی کەسایەتی و پشکنینی ڕەفتاری دەبەستێت، کە لە کۆتاییدا بە ستراتیژی وەک چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی یان دەرمانی دەروونی برینەکانی ناخی تاکەکە سارێژ دەکات. لە بەرامبەردا، سۆسیۆلۆژیا هەمان کێشە لە گۆشەنیگایەکی فراوانترەوە دەپشکێنێت؛ ئەو خەمۆکی و تەریککەوتنەوەیە تەنها وەک نەخۆشییەکی ناوەکی نابینێت، بەڵکو وەک هاوارێکی ناخی تاک بەرامبەر بە پەراوێزخستنی چینایەتی، نامۆبوونی کۆمەڵایەتی، بێکاری، و فشارە بەردەوامەکانی سۆشیاڵ میدیا لێکدەداتەوە. سۆسیۆلۆژیا لۆژیکی دەستنیشانکردنی کێشەکە دەباتە ناو ژینگەی کار، پێگەی ئابووری و شێوازی پەروەردەی خێزانییەوە، و کاتێکیش دێتە سەر چارەسەر، لە جیاتی گۆڕینی کیمیای مێشک، هەوڵی گۆڕینی ژینگەی دەرەوە، بنبڕکردنی چەوساندنەوەکان و بونیادنانی تۆڕی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و خێزانی بەهێز دەدات بۆ تاک. پێکەوەبوونی ئەم دوو ئاڕاستەیە وایکردووە کە مرۆڤ لە یەک کاتدا هەم لە ڕووی ناخییەوە ئارام بکرێتەوە و هەم لە ڕووی دەرەکییەوە لە ژێر فشاری پێکهاتەکان ڕزگار بکرێت.

 

سێهەم/کۆمەڵناسیی کلینیکی (چارەسەری ڕاستەوخۆی گرفتی تاکەکان) گرنگی حەتمی سۆسیۆلۆژیا لە چەمکە تیۆرییە وشکەکاندا قەتیس نامێنێت، بەڵکو لە ڕێگەی کۆمەڵناسیی کلینیکیـەوە دەچێتە سەر جەستەی واقیع. سۆسیۆلۆژیستە کلینیکییەکان هاوشێوەی پزیشکە دەروونییەکان کار دەکەن، بەڵام لە جیاتی ئەوەی تەنها نەخۆشەکە بخەنە سەر کورسی و لە ناوەوەی بکۆڵنەوە، سەرنج دەخەنە سەر کۆت و زنجیرە کۆمەڵایەتییەکان هەڵبەتە ئەم زانستە لە سێ ئاستدا کار لەسەر ڕزگارکردنی تاک دەکات ئەوانیش بریتیین لە :

١/تێگەیشتن لە ناسنامە و ململانێی نەوەکان: یارمەتی تاک دەدات لە ململانێی نێوان دابونەریتی کۆن و مۆدێرنێتە تێبگات و ناسنامەی خۆی بەبێ تێکشکانی دەروونی بپارێزێت.

٢/ بەرەنگاربوونەوەی لادانەکان: ئاڵودەبوون، توندوتیژی و تاوان وەک نەخۆشییەکی دەروونی زاتی نابینێت، بەڵکو وەک هاوارێکی ناڕەزایەتی تاک بەرامبەر بە نەبوونی دەرفەتی یەکسان لێکدەداتەوە.

٣/ دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان: چاککردنی برینەکانی تاک لە ڕێگەی چاککردنی ژینگەی خێزان و بازنە بچووکەکانی دەوروبەری.

 

چوارەم/کۆمەڵگای سروشتی و ڕزگارکردنی تاکی کۆڵۆنیالکراو بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری بابەتەکە لە ناو جەرگەی واقیعی ناوچەکە و دۆزی کورددا، ناتوانین چەمکی سۆسیۆلۆژیای ئازادی لە ڕوانگەی بەڕێز ئۆجەلانەوە پشتگوێ بخەین. ئۆجەلان لە شیکردنەوە سۆسیۆلۆژییەکانیدا پێی وایە کە ناخ و دەروونی تاکی هاوچەرخ (بەتایبەت تاکی کوردی) لە ژێر کاریگەری دوو فشاری گەورەدا تێکشکاوە یەکەم، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە مرۆڤی گۆڕیوە بۆ ئامێری بەکاربەر و تووشی نامۆبوون و تەنیاییەکی کوشندەی کردووە؛ دووەم، ژینگەی کۆڵۆنیالیزم و چەوساندنەوەی نەتەوەیی کە جۆرێک لە کۆیلایەتیی دەروونی و گۆشەگیریی فیکریی بەسەر تاکدا سەپاندووە. ئۆجەلان لەم چوارچێوەیەدا چەند سەرنجێکی بنەڕەتی دەخاتە ڕوو: شکاندنی بازنەی لۆمەکردنی خود: ئۆجەلان پێی وایە سیستەمی دەسەڵاتخوازی وا لە تاک دەکات کە هەمیشە هەست بە تاوان و کەمی ب کات لە ناخی خۆیدا. لێرەدا کۆمەڵناسیی ڕزگاریخوازی ئەو، یارمەتی تاک دەدات درک بەوە بکات کە ئەو برینە دەروونیانە بەرهەمی سیستەمن، نەک سروشتی مرۆڤەکە". کۆمەڵگای دیموکراتی وەک دەرمان: لە دیدی ئۆجەلاندا دەروونناسیی تاک کاتێک تەندروست دەبێتەوە کە کۆمەڵگا تەندروست بێت. چارەسەری گۆشەگیری و خەمۆکیی تاک لە دەرمانخانەکاندا نییە، بەڵکو لە گەڕانەوەدایە بۆ بەهاکانی کۆمەڵگای سروشتی (تەبایی، ژیانامێزیی هاوبەش، و بەهێزکردنی پێگەی ژن). کاتێک تاک دەبێتە خاوەن ئیرادە و بەشداری لە بڕیارە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکات، نامۆبوون و دڵەڕاوکێی دەروونی نامێنێت. بۆیە، لەم سۆنگەیەوە، سۆسیۆلۆژیا تەنها ئامرازێکی شیکردنەوە نییە، بەڵکو کەرەستەیەکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ ڕزگارکردنی ناخی مرۆڤ؛ چونکە مەحاڵە تاکێکی ئازاد و هاوسەنگ لەناو کۆمەڵگایەکی چەوساوە و بێ ئیرادەدا بێتە بەرهەم.

 

زۆر بە کورتی لە کۆتایدا لام گرنگە ئەوە بهێنمە نوسین کە ئەو ڕاستییە چەسپاوەی نیوان دابڕانی دەروونناسی لە کۆمەڵناسی، وەک جیاکردنەوەی گەڵایە لە ڕەگی دارەکە؛ یەکەمیان بەبێ دووەمیان تەنها پێستێکی ڕووکەش دەبینێت، و دووەمیشیان بەبێ یەکەمیان لە ڕوحی ناوەکیی مرۆڤ بێبەش دەبێت!. بێگومان چارەسەری ڕاستەقینەی گرفتەکانی تاک لە جیهانی هاوچەرخدا، لەو خاڵی بەیەکگەیشتنەدا چەکەرە دەکات کە تێیدا مرۆڤ لە هۆکاری دەرەکیی ئازارەکانی دەگات، تا بتوانێت ئاشتی لەگەڵ ناخی خۆیدا بەرپا بکات. ئەم هاوکێشە زانستییە، کاتێک دەخرێتە سەر تەرازوی شیکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی، گرنگییەکی حەتمی و فرە ڕەهەند بەخۆوە دەگرێت. کۆمەڵگای ئێمە، کۆمەڵگایەکی گواستراوەیە کە لە نێوان چەندین بەرداشی مێژوویی و دەروونیدا دە هاڕدرێت ئەوانیش : ~ تيڕامانە مێژووییە کۆمەڵگەییەکان/ پاشماوەی جەنگە یەک لەدوای یەکەکانی ڕابردوو، ئەنفال، کیمیاباران و ئاوارەیی، تەنها ڕووداوی سیاسی نەبوون، بەڵکو برینی قووڵی سۆسیۆ-دەروونی بوون کە لە باوانەوە بۆ نەوەکانی بێبەشی ئەمڕۆ گوێزراونەتەوە. ~ شۆکی مۆدێرنێتە و تەکنەلۆژیا: گۆڕانی خێرای پێکهاتەی خێزان لە خێزانی گەورە و نەریتییەوە بۆ خێزانی بچووک و ئەتۆمی، لە پاڵ هێرشی بێبەزەییانەی سۆشیاڵ میدیا، تاکی کوردی تووشی جۆرێک لە نامۆبوونی کولتووری و ململانێی توندی ناسنامە کردووە. لێرەوە، پێویستیی کۆمەڵگای کوردی بە ئاوێتەکردنی هۆشیاریی سۆسیۆلۆژی و دەروونی، نابێت تەنها وەک خۆشگوزەرانییەکی ئەکادیمی سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستییەکی فریاگوزاریی نیشتمانییە. تاکی کوردی ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە خەیاڵدانی سۆسیۆلۆژی هەیە تا درک بەوە بکات کە بێهیوایی، دڵەڕاوکێی داهاتوو، یان گۆشەگیرییەکەی، نیشانەی کەمکوڕی لە زاتی خۆیدا نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ئەو شڵەژانە گشتییەیە کە لە پێکهاتە ئابووری، سیاسی و پەروەردەییەکانماندا هەیە. کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی تاک لە واقیعی ئێمەدا، بە گۆڕینی سیستمی پەروەردە (کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردی و پێویستیەکانی بێت-نەک تێکەڵەیەکی سیستمی مۆدیرمیتەی هاوردە کە گرفتەکانی لە سودرکانی زیاترە..!) دامەزراندنی ناوەندی ڕاوێژکاریی سۆسیۆ-کلینیکی لە قوتابخانە و زانکۆکاندا، و گۆڕینی وتاری میدیایی لە لۆمەکردنی تاکەوە بۆ چاککردنی ژینگە دەستپێدەکات. تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانین لە جەستەیەکی برینداری مێژووییەوە، تاکێکی هۆشیار، هاوسەنگ و داهێنەر بونیاد بنێینەوە کە هەم ناسنامەی خۆی بناسێت و هەم کەرەستەکانی گۆڕینی واقیعەکەی لە دەستدا بێت.