خولی دووەمی دادگای وریشە مورادی بەبێمافی خۆپاراستن بەڕیوەچوو

دووەمین دانیشتنی دادگایی کردنی وریشە مورادی، چالاکی سیاسی کورد ، دوێنێ لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوەچوو، هیچ دەرفەتێک بە پارێزەرانی وریشە مورادی نەدرا بەرگری لە خۆیان بکەن و خۆشی بەرگری زارەکی لێ زەوت کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی شەممە ٥ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٤، دووەمین دانیشتنی دادگا بۆ وریشە مورادی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەلواتی بەڕێوەچوو، ئەم دانیشتنە بە ئامادەبوونی پارێزەرانی بەڕێوەچوو، بەڵام لە کردەوەیەکدا کە بە پێشێلکردنی مافەکانی وریشە مورادی دادەنرێت، دادوەر سەلواتی ڕەتیکردەوە پارێزەرەکانی وریشە مورادی بەرگری لە خۆیان بخەنەڕوو، هەروەها وریشە کە لە ئەگەری بەرگری زارەکی بێبەش بوو، ناچار بوو بە نووسراو بەرگری خۆی بخاتەڕوو.

 

یەکەم دانیشتنی دادگا بۆ وریشە مورادی لە ١٦ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، وریشە مورادی، چالاکی سیاسی کورد لە ٣١ی تەمووز ساڵی٢٠٢٣ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوروبەری شاری سنەوە دەستبەسەر کراو دواجار دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی لێپرسینەوە، ڕۆژی٢٥ی کانونی یەکەم بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئەڤین گواسترایەوە.

 

دانیشتنەکانی دادگای پێشووی بەهۆی ئامادەنەبوونی هەندێک بەرپرسی دادوەری دواخرا، ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیار بوو لە ٤ی ئاب بەڕێوەبچێت، بەهۆی ئامادەنەبوونی وریشە مورادی ئەنجام نەدرا، هەروەها ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیار بوو لە ی٢٨ ئاب بەڕێوەبچێت، بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی و دادوەری ڕاوێژکار، دادوەرعەموزاد هەڵوەشایەوە.