تەندروستی جیهانی: ڤاکسینی دژی سورێژە ژیانی ٦٠٪ی منداڵانی ڕزگار کردووە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایدەکات، لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا، هەڵمەتی کوتان ژیانی ۱٥٤ ملیۆن منداڵی ڕزگارکردووە و کۆرپەکان زۆرترین سوودیان لێ بینیوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٤ی نیسان، رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO"" توێژینەوەیەکی نوێی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، هەڵمەتەکانی کوتان لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا لە سەرانسەری جیهان ژیانی ۱٥٤ ملیۆن منداڵ کە ١٠١یان کۆرپەلە بوون ڕزگارکردووە، ئەمەش واتا لە هەر خولەکێکدا ژیانی ٦ منداڵ لە گیان لەدەستدان ڕزگار کراوە.

 

تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرۆسیۆس، سەرۆکی رێکخراوەکە وتی: ئێستا هەر منداڵێک لەدایک ببێت، بەڕێژەی ٤٠٪  دەرفەتی گەیشتنی بە پێنج ساڵی زیاترە لەو منداڵانەی ٥۰ ساڵ پێش ئێستا لە دایک دەبوون، ڤاکسین یەکێکە لە بەهێزترین داهێنانەکانی مێژوو، کە نەخۆشییە ترسناکەکان ناهێڵێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەسەر ئاوڵە سەرکەوتوون، ئیفلیجیی منداڵان خەریکە نامێنێت و لە پێشکەوتنی ڤاکسینی نەخۆشییەکانی وەک مەلاریا و شێرپەنجەی منداڵدانی ژنان بەردەوامن.

 

توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، ڤاکسینی دژی سورێژە زۆرترین کاریگەری هەبووە و ژیانی ٦٠٪ی منداڵانی رزگارکردووە.

 

کەیت ئۆبرین، بەرپرسی ڤاکسینەکان لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەکردووە، زۆربەی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی نەکوتانی منداڵەکانەوە بووە، ڤاکسینی سورێژە سەلامەتە و کاریگەرییەکەی زۆرە، پێویستە کاری پێکەوەیی بکرێت لە دژی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە.