"شەریفە لە بەرامبەر ئازار و نائومێدی، هیوا و خولیای ژیانی دەبەخشییەوە"

زیندانیانی سیاسی بەندی ژنانی زیندانی لاکان لە ڕەشت، ئاماژەیان بەوەدا سزادانی شەریفە محەمەدی پەسەندکراو نییە، دەشڵێن: مەحاڵە باوەڕ بەوە بکرێت، ژنێک کە کردار و قسە و نیگا و زەردەخەنەیەکی بەم شێوەی هەبێت، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا بسەپێنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

زیندانیانی سیاسی بەندی ژنانی زیندانی لاکان لە ڕەشت نامەیەکیان لە بارەی بارودۆخی شەریفە محەمەدی، چالاکوانی سەندیکای کرێکاری، کە لەم زیندانەدا بە سێدارە سزا دراوە، بڵاو کردەوە، تیایدا ئاماژەیان بەوەدا، "لەناو هەموو ژنانی زیندانەکەدا کە نیوە ماوە و جێهێڵدراون، لەناو چیرۆکی نائومێدی و ڕەنجدا، شەریفە بە هەنگاوی پتەو و دەنگێکی دلێرەوە دەبینیت کە چۆن بۆ گێڕارەوەی چیرۆکی ئازار و نائومێدییەکان، هیوا و سۆز بە ژیان دەبەخشێت، خوێندەواری فێری کەسانی دیکە دەکات، تازەهاتووان بە دۆخەکە دەناسێنێت و ئاگاداری کاروبارەکانیان دەبێت، بە سەبرێکی نمونەیییەوە گوێ لە چیرۆکەکانیان دەگرێت، خۆبەخشانە بەرپرسیارێتی جلوبەرگ و پێداویستییە سەرەتاییەکانی زیندانییەکان لە ئەستۆ دەگرێت، مرۆڤ لە پشت ئەم دیوارانەوە هەوڵ دەدات ژیان بەو شێوەیە بژی کە باوەڕی پێیەتی".

 

شەریف محەمەدی لە گێڕانەوەی ئەوانی تردا - ژمارە ٦

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی تەمموزی ٢٠٢٣ چووینە ناو زیندانی لاکان، هەر لەو ساتەوەختەی گەیشتین، کە چاوەڕێی کاری ئیداریی زیندان بووین، چاومان لە پشت مێزەوە بە دوای شەریفەدا دەگەڕا، شەریفە محەمەدی ئەو چالاکە کرێکارییەیە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. ڕووخساری زیندوو و میهرەبانی شەریفە لەگەڵ نیگای چاوەڕوانییەکەی لە دیوەکەی تری شیشەکانی هۆڵی کەرەنتینە بینرا، چاوەڕێی تەواوبوونی کاغەزەکانی کارگێڕی بووین تا ڕووخساری کراوە و پڕ لە خۆشەویستی لە باوەش بگرین.

 

ئێستا زۆر کەس شەریفە محەمەدی دەناسن، ژنێک کە سزای لە سێدارەدانەکەی نەک تەنیا خەڵکی ڕشت و ئێران، بەڵکو جیهانیشی تووشی شۆک کرد. لە میدیاکاندا زۆر لەسەری نووسراوە. بەڵام ڕووخساری شەریفە، کە سات بە سات لەم زیندانەدا دەبێتە یادەوەری، بیری هەمووان دەخاتەوە کە ئەم سزایە چەندە شەرمەزارییە.

 

لەناو هەموو ژنانی زیندانەکەدا کە نیوە ماوە و جێهێڵدراون، لەناو چیرۆکی نائومێدی و ڕەنجدا، شەریفە بە هەنگاوی پتەو و دەنگێکی دلێرەوە دەبینیت کە چۆن بۆ گێڕارەوەی چیرۆکی ئازار و نائومێدییەکان، هیوا و سۆز بە ژیان دەبەخشێت، خوێندەواری فێری کەسانی دیکە دەکات، تازەهاتووان بە دۆخەکە دەناسێنێت و ئاگاداری کاروبارەکانیان دەبێت، بە سەبرێکی نمونەیییەوە گوێ لە چیرۆکەکانیان دەگرێت، خۆبەخشانە بەرپرسیارێتی جلوبەرگ و پێداویستییە سەرەتاییەکانی زیندانییەکان لە ئەستۆ دەگرێت، مرۆڤ لە پشت ئەم دیوارانەوە هەوڵ دەدات ژیان بەو شێوەیە بژی کە باوەڕی پێیەتی.

 

زیندانیانی زیندانەکانی دیکە بە جۆش و خرۆشەوە دێن بۆ سەردانی و هەمووان گفتوگۆیەکی ناوازەی لەگەڵدا دەکەن، هۆنراوەی منداڵان بۆ تاقانە منداڵی ناو زیندان دەخوێنێتەوە و پێشوازی لێدەکات، پشتگیری ئەو ئالوودەبووانە دەکات کە لەم زیندانەدا بە تەنیا ماونەتەوە بەبێ هیچ ئاسانکارییەک بۆ ئەوەی لە گۆشە خەمناکەکانی ژوورێکی بچووکدا بە کەمترین کەرەستە و خواردنی خۆیەوە بەجێبهێڵن و یارمەتیان دەدات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەستنەوە.

 

مەحاڵە باوەڕ بەوە بکرێت، ژنێک کە کردار و قسە و نیگا و زەردەخەنەیەکی بەم شێوەی هەبێت، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا بسەپێنرێت، سزای دادوەر سزایەکی کارەساتبارە کە تەنانەت بۆ زیندانی و پاسەوانەکانی دیوەکەی تری مەیدانەکان قبوڵ ناکرێت، هیچ نیشانەیەکی بەزەیی لە نیگا و کارلێکی پاسەوانان و بەرپرسانی زیندان و زیندانییەکانی دیکەدا نییە، تەنانەت کاتێک لە دیداری کوڕەکەی دەگەڕێتەوە، هەموو نیگاکان ئاماژەن بۆ ڕێزگرتن تێکەڵ بە جۆرێک لە شەرمەزاری، وەک ئەوە وایە هەمووان شەرم لە شەریفە بکەن، شەرمەزاری بۆ ئەو ژیانەی کە سزای وای بەسەردا سەپاندووە، هەندێک جار لە خۆمان دەپرسین، ئایا ئەو دادوەرەی سزاکەی دەرکرد، شەرم لە خۆی دەکات؟

 

نووسینی: زیندانیانی سیاسی بەندی نەسوان سەر بە زیندانی لاکان لە ڕەشت

شەممە، ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤