ئەنجومەنی پاراستنی منداڵان: دەبێت دەوڵەتی تورکیا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت
ئەنجومەنی پاراستنی منداڵان ئاماژەی بەوەدا، کە ماوەی زیاتر لە ٢ مانگە بەهۆی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە لە هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا منداڵێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە و داوای کرد دەوڵەتی تورکیا ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/01/20250130-20250130-image-870x-679b4d7e59522-jpg57ba4e-image-jpg1321c8-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی پاراستنی منداڵان لە بەردەم بینای کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری قامیشلۆ سەبارەت بە بەئامانجگرتنی منداڵان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەندراوەکە بە زمانی کوردی و عەرەبی لەلایەن مامۆستا عالیا حەسەن و سەحەر مەحموود، ئەندامی نووسینگەی ژنانی ئەنجومەنی ڕۆشنبیری کانتۆنی جزیرە خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، لە نێوان ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ تا ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ٧٦ هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووە، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە و داوایان کرد دەوڵەتی تورکیا بدرێتە دادگا.
"دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ئاسایشی هاوڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە"
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی "سوپای نیشتمانپەروەری سووریا" بە هەموو جۆرە چەکێکەوە هێرش دەکەنە سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمەش سەلامەتی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە، "سوپای نیشتمانیی سووریا بە شێوەیەکی ئاشکرا و سیستماتیکی منداڵان و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، دژی هەموو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە دەکات، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەک هێرش بۆ سەر منداڵان و خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدات".
٧٦ کەس گیانیان لەدەستداوە
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە ۲ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲٤ تا ۲٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ۷٦ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، ۱۷یان منداڵ و ۱۳یان ژن بوون، ٨٤ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، کە ۱۱یان منداڵن و ۹یان ژنن، لە ٢٦ تا ۲٨ ی کانوونی دووەم، ١٧ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ی دیکەش برینداربوون. لە گوندی جەمەس لە عەین عیسا دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و دایکیشیان بە سەختی بریندار بوو. لە گوندی ئووم هەرمێلا لە زرگان، ٣ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا کە منداڵێکیان تێدابووە و ٩ کەسیش بریندار بوون کە ٤ کەسیان ژن بوون، لە شاری سرین، ۱۲ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە ٥یان منداڵ بوون، هەروەها ٤ منداڵ و ۱۳ کەسی دیکەش برینداربوون.
"ئەوان یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن"
ڕاگەیەندرا کە ئەوان وەک ئەنجومەنی پاراستنی منداڵان، بە توندی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەن و ڕایانگەیاند: گروپە مەدەنییەکان، منداڵان، تیمە پزیشکییەکان، ئەمبولانسەکان و ڕۆژنامەنووسان بە مەبەست دەکرێنە ئامانج، دەوڵەت و چەتەکانی تورکیا بەم هەنگاوانە پێشێلی سەرجەم ڕێسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
"پێویستە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن"
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە بێدەنگیی خۆی بشکێنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بێدەنگییە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی درێژە بە هێرشەکانیان بۆ سەر هاوڵاتیان بدەن، "دەبێت دەوڵەتی تورکیا واز لە کۆمەڵکوژی دژی هاوڵاتی مەدەنی بیهێنێت، بە تایبەتی منداڵان، دەبێت بەپێی تاوانەکانیان لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن".