هەر ١٠ خولەک جارێک ژنێک دەکوژرێت

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ڕابردوو ٥١ هەزار و ١٠٠ ژن لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون، یان بە واتایەکی تر لە هەر ١٠ خولەکێکدا ژنێک دەکوژرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بە بۆنەی ٢٥ی ئەم مانگە، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لە توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣ لە جیهاندا لە هەر ١٠ خولەکێکدا ژنێک کوژراوە و بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش کە بڵاوکراوەتەوە ساڵی ڕابردوو ٥١ هەزار و ١٠٠ ژن کوژراون.

 

لەم ڕاپۆرتەدا، بە ئاماژەدان بەوەی کە ٢٥ ساڵ بەسەر ئەو کاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان تێپەڕیوە کە ڕێکەوتی ٢٥ی تشرینی دووەمی، وادەی کوشتنی خوشکەکانی میرابێڵیی وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاری کردووە، ڕایگەیاندکە لە ساڵی ٢٠٢٣دا یەک لەسەر سێیژنان لە سەرانسەری جیهان لە ماوەی ژیانیاندا تووشی توندوتیژی دەبن.

 

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە نیوەی ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی خێزان یان هاوسەر و هاوبەشی ژیانی ئەو ژنانە ئەنجام دەدرێن. هەروەها ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە توندوتیژی دژی ژنان تەنیا لە ماڵەوە سنووردار نییە: "ژنانیش لە دەرەوەی ماڵەوە سەلامەت نین، کەسایەتییە دیارەکان لەوان سیاسەتمەداران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان، زۆرجار دەبنە ئامانجی توندوتیژی، لەنێویاندا توندوتیژیی ئۆنلاین، هەندێکیان دەبێتە هۆی دەرئەنجامی کوشندە و کوشتنی بە ئەنقەست".

 

ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا هۆشداری داوە لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان و نووسیویەتی: یەکێک لە لایەنە نیگەرانکەرەکانی ئەم پرسە بڵاوبوونەوەی توندوتیژییە لە ناوچە جەنگییەکان. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی زیادبوونی سەرسوڕهێنەری توندوتیژی ڕەگەزی بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٪٥٠ ڕاگەیاند.