هالیدە تورکئۆغلۆ: دەبێت کۆمیسیۆنی ژنان دابمەزرێت
هالیدە تورکئۆغلۆ،وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتى ئاماژەی بەوەدا، دەبێت لەو دەستانەی کە سەبارەت بە یاسای چوارچێوەوە دادەمەزرێن، ژنانیش وەک ڕۆڵگێڕ بەشدار بن و چاودێری پرۆسەکە بکەن، ئاشتیی کۆمەڵایەتی بە ژنان دەکرێت.
ئەنقەرە
هالیدە تورکئۆغڵۆ، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتى لە ناوەندی گشتیی پارتەکەی خۆیدا سەبارەت بە ڕۆژەڤەکان ڕاگەیاندراوێکی داو ئاماژەی بەوەکرد، تێکۆشانی ئازادیی ژنان بۆ ئاشتی و یەکسانییە و بەم شێوەیە دوا: ئەو تێکۆشانە بۆ ئاشتی بە بانگەوازیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک گەیشتە ئەم قۆناغە. یاسای چوارچێوە کە بە دەنگێکی بەرز لە پەرلەماندا بوو بە یاسا، سەرەڕای کەموکووڕییەکانیش هەنگاوێکی گرنگ بوو.
وتیشی: یاسای چوارچێوە بۆ چارەسەریی پرسی کورد هەنگاوێکی گرنگە. دەبێت لەو دەستانەی کە دادەمەزرێن، ژنانیش بەشدار بن. بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەم کە دەنگی بەڵێیان داوە، بۆ ئەوەی دەستەیەکی چاودێریی ژنانیش دابمەزرێت و چاودێری بکەن، لە هەوڵدا بن. دەبێت ژنان وەک ڕۆڵگێڕ بەشداری بکەن و چاودێری بکەن. گەورەترین باجی شەڕ، ژنان داویانە. ژنان بوونە ئامانجی توندوتیژی، لە زیندانەکاندا و لەبەردەم دادگاکاندا بەدوای دادپەروەریدا گەڕان، بەڵام سەرەڕای ئازارەکانیش ژنان دەستبەرداری ئاشتی نەبوون.
"ئێمە دژی هەموو نادادپەروەرییەک درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین"
هالیدە ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت ژنان ببنە ڕۆڵگێڕی پرۆسەکە و وتی: ئاشتیی کۆمەڵایەتی بە ژنان دەکرێت. پرۆسەیەک کە ژنان تێیدا نەبن، مومکین نییە. دەبێت ژنان ببنە ڕۆڵگێڕی بونیاتنەری پرۆسەکە. دەبێت دەستەکان دابمەزرێن. ئێمەی ژنان لە پێگەی تماشاکردندا نین، بەڵکوو لە پێگەی ئافراندنداین. دەبێت کۆمیسیۆنێکی ژنان درووست ببێت و چاودیری پرۆسەکە بکرێت. تێکۆشانی ئاشتی لە دیموکراسی جیاواز نییە. ئێمە دژی هەموو نادادپەروەرییەک درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین.
هالیدە لە کۆتاییی قسەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو، لە لایەکەوە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەری لەسەر ژنان هەیە و لە لایەکی تریشەوە ژنان لە ئێراندا رووبەڕووی لەسێدارەدان دەبنەوە، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجالان دەتوانێت ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیبهێنێت. ناوچەکەش لە هەموو شتێک زیاتر پێویستی بە ئاشتی هەیە.