کۆچبەران لە ئیدلب لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەشن
ژنانی پەنابەر کە لە کامپەکانی شاری ئیدلب نیشتەجێ بوون باسیان لە نەخۆشییەکانیان کرد و ڕایانگەیاند، داخستنی نەخۆشخانەی باب حەوا باری تەندروستی منداڵان و ژنانی کۆچبەران دەخاتە مەترسییەوە، لە چارەسەر بێبەش بوون.

ئەسینات محەمەد
ئیدلیب- کامپەکانی کۆچبەران لە شاری ئیدلبی سووریا ڕووبەڕووی بارودۆخی تەندروستی سەخت دەبنەوە، دۆخەکە خراپتر بووە، بەتایبەت دوای داخستنی دامەزراوە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکانی هەرێمەکە، ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی ئەم دواییەی نەخۆشخانەی باب حەوا، دۆخی کۆچبەران و بەتایبەت ژنانی سەختتر کردووە، بڕیاری داخستنی نەخۆشخانەکە لەلایەن ئیدارەی کاتی سووریاوە دراوە، بە ملیۆنان کۆچبەر لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەش کراون.
ژنانی کۆچبەر کە لە کامپەکاندا نیشتەجێ بوون، بۆ ئاژانسەکەمان سەبارەت بەو سەختی و ئاڵەنگارییانەی کە لە بواری تەندروستیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە قسەیان کرد.
"لە ئێستادا ناتوانم چارەسەری منداڵەکەم بکەم"
خلود ڕاخەب تەمەن ٢٨ ساڵ کە لە کامپی کەفەر لۆسلین لە باکووری ئیدلب نیشتەجێیە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی ناتوانێت چارەسەری منداڵەکەی بکات و وتی: ئێمە بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕین و نەبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکان کارەکان قورستر دەکات، منداڵەکەم نەخۆشیی هەناسەدانی هەیە و بەهۆی باری داراییمانەوە ناتوانین لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان چارەسەری بکەین، پێشتر سوودێکی زۆرمان لە نەخۆشخانەی باب حەوا وەرگرتووە و خزمەتگوزارییەکانی بەخۆڕایی بوون، بەو پێیەی نەخۆشخانەکە داخراوە، ناچار بووین چارەسەری منداڵەکەمان بوەستێنین، ئەمەش وایکردووە باری تەندروستی منداڵەکەمان بخەینە مەترسییەوە.
داخستنی دەرگای نەخۆشخانەکان سەختی کۆچبەران زیاتر دەکات
ژنانی کۆچبەر ڕایانگەیاند کە داخستنی نەخۆشخانەی باب حەوا سەختی و ئاستەنگەکانیان زیاتر کردووە و وتی: ژن ئەوانەن کە زۆرترین زیانیان پێدەگات بەهۆی ئەو بڕیارانەوە، چونکە لە پرۆسەی چارەسەرکردن دابڕاوە و بارودۆخی تەندروستییان سەختتر دەبێت، جگە لەوەش ناتوانن بەردەوام بن لە پڕۆسەی چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، ئیدارەی کاتی دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە هەزاران ژنی کۆچبەر بگریتەئەستۆ کە بەهۆی وێرانبوونی ماڵەکانیانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە شارەکانیان.
باری تەندروستی خراپتر بووە
فاتمە عیزەدین، تەمەن ٤٨ ساڵ، کە لە کامپەکانی شاری سەرمەدە لە باکووری وڵاتەکەی نیشتەجێیە، ڕایگەیاندووە، لەگەڵ ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان باری تەندروستی خراپتر بووەو وتی: من تووشی بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرە بووم، بۆیە دەبێت لە هەموو کاتێکدا چاودێری بکرێن، بەداخەوە دوای ئەوەی نەخۆشخانەی باب حەوا دەرگاکانی داخست، ناتوانم چاودێری بارودۆخەکەم بکەم و دەرمانەکانم بخۆم، لە دەرەوەی نەخۆشخانە بە نرخێکی زۆر بەرز دەفرۆشرێن و من ناتوانم بیانکڕم نەخۆشخانە هیوای ئێمە بوو ئێستا دۆخەکەم سەختتر بووە.
"پێویستە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە کۆچبەران بکرێت"
پزیشل سەماهر عادل، سەرۆکی بەشی بێهۆشکردن لە نەخۆشخانەی باب حەوا جەختی لەوە کردەوە کە جیاوازی نێوان ئەم نەخۆشخانەیە لەگەڵ نەخۆشخانەکانی تر ئەوەیە کە پێشتر چارەسەری خەڵکی دەکرد و چاودێری تەندروستی بۆ دابین دەکردن بە بێبەرامبەر، بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانی زۆر بوون و خەڵک پێشتر پێداویستیەکانیان لێرە دابین دەکرد و سوودیان لێوەردەگرت، بەداخستنی ئازارەکانی ژنانی کۆچبەر لە خزمەتگوزارییەکانیدا زیادکرد، پرۆسەکە کارەساتێکی گەورەیە.