کۆچبەران دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەرێکانیەیەکی ئازاد

ژنانی کامپی واشۆکانی و سەرێکانی باسیان لەو سەختییانە کرد کە لە کامپەکاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و دەیانەوێت بەبێ داگیرکاری و بە ئازادیی بگەڕێنەوە بۆ سەرێکانی.

ڕۆنیدا حاجی 

 

حەسەکە-خەڵکی کۆچبەری سەرێکانی و گوندەکانی و گوندی ئەبوڕاسینە، دوای ئەوەی داگیرکەری تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ هێرشی کردە سەر سەرێکانی، بە زۆر لە ماڵ و حاڵی خۆیان کۆچیان کردووە و لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، کۆچبەران لە کامپەکانی "سەرێکانی - واشۆکانی" لە شاری حەسەکە لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین.

 

کامپی واشۆکانی نزیکەی دوو هەزار و ٢٦٠ خێزانی تێدایە، کامپی سەرێکانیش نزیکەی دوو هەزار و ١٦٥ خێزانی تێدایە.

 

سەرەڕای سەختی بارودۆخی ژیان و نەبوونی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەبوونی هاوکاری بۆ کۆچبەران، لە قوڵایی چاوی هەموو کۆچبەراندا بەرخۆدانێک بۆ گەڕانەوە هەیە.

 

ژنانی کامپی واشۆکانی داوای گۆڕینی چادرە دڕاوەکانیان دەکەن. چادرەکان لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا بەرگەی با و باران و خۆریان گرتووە.

 

"بەرخۆدانی ڕاستەقینە لەگەڵ ژناندایە"

مریەم محەمەد، یەکێک لە کۆچبەرانی کامپی واشۆکانی دووپاتیکردەوە کە بارودۆخی ژیان لە کامپەکە خراپە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاری خۆیان ناکەن و وتی: بارودۆخی ئێمە زۆر خراپە و لە زستان نزیک دەبێتەوە، ئێمە دۆشەکمان نییە و چادرەکانمان تەمەنیان ٦ ساڵە، داوا دەکەین بگۆڕدرێن، ئەگەر باران ببارێت دۆخەکەمان خراپتر دەبێت، ئێمە بەتەمەن و نەخۆشین و ئەم دۆخە بۆ ئێمە قبوڵ ناکرێت.

 

مریەم جەختی لەوە کردەوە کە هەموو شتێک لە کامپەکەدا بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەرخۆدانی ڕاستەقینە لای ژنانە و وتی: ژنانی ناو کامپەکە جلەکانیان بە دەست لە ئاوی سارددا دەشۆن و لە زستاندا بەهۆی ئەمەوە نەخۆش دەکەون.

 

"چادرە دڕاوەکان هەڕەشە لە ژیانمان دەکەن"

حەنیف خەلیل ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی ئاوارەکان نەخۆشن و وتی: ئێمە بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕین و نەخۆشی زۆرمان هەیە، یەکێک لەوانە نەخۆشی دڵە، ئێمە دەچینە ناو وەرزی زستان و ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانمان دروست دەکات، بەتایبەت ئەو چادرانەی تێیدا دەژین، کە وێرانن و دەمانەوێت بیانگۆڕین، دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەرێکانی و لە ماڵەکانماندا بژین کە ئێمە ساڵانێکە کارمان کردووە بۆچی لە ژێر چادردا بژین.

 

"دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەرێکانی"

ئامینە حسێن دووپاتی کردەوە کە کۆچبەران بەهۆی چادرەکانەوە لە باران دەترسن و وتی: ئێستا خەریکی کوڵاندنی خواردن لەسەر ئاگرین، لە وەرزی زستاندا بارودۆخمان چۆن دەبێت، ئێستا ئامادەین بۆ گەڕانەوە، ئێمە هیچمان لە ڕێکخراوەکان ناوێت، تەنها دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان.

 

‘دەبێت حکومەتی کاتی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار جێبەجێ بکات"

ئامینە باسی لەوەشکرد، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئومێدێکی زۆر لەنێو خەڵکی کۆچبەردا هەبوو بۆ گەڕانەوە و چارەسەرکردنی کێشەی کۆچ، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕژێمەکەدا نابینن، پێویستە حکومەتی کاتی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار جێبەجێ بکات و کێشەی کۆچبەران چارەسەر بکات، چونکە ئەمە کێشەی سەرەکی سووریایە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە کارگێڕی کامپی واشۆکانییەوە دەستمان کەوتووە، لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا ڕێکخراوە مرۆییەکان ١٥٩ چادریان بۆ کامپەکە دابین کردووە، بەڵام جگە لە گۆڕینی چادرەکان هیچ هاوکارییەکیان نەکردووە. هەروەها پێداویستییەکانیش لە کەرتی تەندروستی و پەروەردەدا زۆرن.