کاردانەوەکانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر بە کردەوەی نامرۆڤانە لە زیادبووندایە
بەمەبەستی شەرمەزارکردنی هێرش و هەڵکوتانە سەر گوندەکانی تل ئاران و تل حاسل لە شاری قامیشلۆ خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو. لە خۆپیشاندانەکەدا داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان کرا هاوڵاتیانی مەدەنی و کەرامەتی ژنان بپارێزن.
قامیشلۆ
شەوی ٣٠ی حوزەیران گرتەی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا (لە ژێر پەردەی پاشماوەکانی ڕژێمی بەعس چالاکی دەکەن) لە ناوچەکانی تل ئاران و تیل حاسل بڵاوکرایەوە. دەرکەوت کە لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دراوە؛ بە تایبەتی گرتە ڤیدیۆییەکانی ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و توندوتیژی بووە، بووە هۆی توڕەیییەکی زۆری خەڵک، لەو چوارچێوەیەدا چالاکیی ناڕەزایەتی لە زۆر شوێنی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.
دانیشتوانی شاری قامیشلۆ بۆ ڕەتکردنەوە و شەرمەزارکردنی پێشێلکارییەکانی سەر ژنان و گەنجانی شارۆچکەکانی تل ئاران و تل حاسل لە گوندەکانی شاری حەلەب، لە بەردەم ناوەندی محەمەد شێخۆ بۆ کولتوورو هونەر خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.
"بە ئامانجکردنی ژنان و هاوڵاتیانی مەدەنی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە"
بەشداربووانی خۆپیشاندانەکه، هێرشەکانی سەڕ ژنانی کوردیان له میانەی هەڵمەتەکاندا ئیدانه کرد و جەختییان کردەوه که به ئامانجکردنی ژنان و هاووڵاتیانی سڤیل پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤه، چالاکوانان داوایان کرد کە بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانە بدرێنە دادگا، پاراستن و کەرامەتی ژنان مسۆگەر بکرێت و ڕێز لە ماف و ئازادییەکانیان بگیرێت.
خۆپیشاندانەکان لە کاردانەوە بە هەڵمەتەکانی ڕۆژی سێشەممە لە شارۆچکەکانی تل ئاران و تتل حاسل ئەنجام دراون. لەو هەڵمەتانەدا خەڵکێکی زۆر دەستگیرکران. باس لەوەشکراوە کە ژنێکی کورد بە ناوی نوژا حەمکی تەنیا لەبەر ئەوەی داوای کردووە فەرمانی دەستگیرکردنی یاسایی لەلایەن ئەفسەرەکانەوە پیشان بدرێت و ساتەکانی هەڵکوتانە سەری تۆمار کردووە، هێرشی کراوەتە سەر و لێیدراوە.