کافێیەکی تایبەت بە ژنان لە لیبیا هێرشی کرایە سەر

لە شاری ئەجدابیا لە لیبیا، کافێیەک کە تەنها خزمەت بە ژنان دەکات، لەلایەن گرووپێک لە پیاوانەوە هێرشی کرایە سەر.

ناوەندی هەواڵ – لە شاری ئەجدابیا لە لیبیا، کافێیەک کە لەلایەن ژنانەوە کرابووەوە و بەڕێوە دەبرا، بووە ئامانجی هێرشی گرووپێک لە پیاوان. تێکدانی ئەم کافێیە، مشتومڕی لەبارەی فشارە کۆمەڵایەتییەکان بۆسەر بوونی ژنان لە بوارە گشتییەکان و توندوتیژی بە ناوی نەریتەوە، دروست کرد.

 

مشتومڕەکان کە دوای کردنەوەی کافێکە دەستیان پێکرد، لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییەکەی تێپەڕی و مافی ژنانیان خستەڕوو بۆ دروستکردنی شوێنی سەربەخۆی خۆیان. ئەم ڕووداوەش جارێکی دیکە ئەو بەربەستانەی خستەوە ڕوو کە ژنان لە بوارەکانی وەک پەروەردە، کار، گەشت و بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

لێکدانەوە ئایینییەکان بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ژنان بەکاردەهێنرێن

پێویستە ڕووداوەکانی ئەجدابیا نەخرێنە چوارچێوەی ناکۆکییەکی ناوچەیی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لیبیا. سنووردارکردنی ئازادییەکانی ژنان بەشێکە لە کێشەیەکی فراوانتر کە پەیوەندی بە «پاراستنی کۆمەڵایەتی»یەوە هەیە، ئەمەش لە ڕێگەی نەریت و دابونەریتەوە بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت و لە ناوچە جیاوازەکاندا بەردەوامە.

 

بەکارهێنانی هەندێک لێکدانەوەی ئیسلامی بۆ سنووردارکردنی بوونی ژنان لە بوارە گشتییەکان و ڕێگرتن لە مافیان بۆ دروستکردنی شوێنی تایبەتی خۆیان، بووەتە جێگەی ڕەخنە. ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەم ڕوانگەیە کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر بڕیارەکانی ژناندا بەهێزتر دەکات.

 

جەخت لەوە دەکرێتەوە کە پێویستە گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتی پەرە پێبدرێت کە مافەکانی ژنان و ئازادیی بڕیاردانیان بناسێنێت، میکانیزمەکانی پاراستن لە توندوتیژی و جیاکاری بەهێز بکرێن و جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی یاساکان دڵنیابکرێتەوە. هەروەها داوا دەکرێت دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن گرنگیی زیاتر بەو بەربەستانە بدەن کە سەربەخۆیی ژنان سنووردار دەکەن و کاریگەریی ئەم بەربەستانە لەسەر بەشداریی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریدا زیاتر بخەنەڕوو.