زیندانی سیاسی عاتفە تاجیک تووشبووی شێرپەنجە بۆ چارەسەر ئازاد کرا

عاتفە تاجیک، زیندانی سیاسی تەمەن ٤٨ ساڵ، کە توشبووی شێرپەنجەی ئێسکە، دوای ئەوەی کەفالەت بۆی پێدرا، بۆ مۆڵەتی پزیشکی ڕەوانەی ماڵەوە کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

عاتفە تاجیک، زیندانی سیاسی تەمەن ٤٨ ساڵ کە تووشی شێرپەنجەی ئێسک بووە، ١٩ی تشرینی یەکەم لە زیندانی قەرچەک لە شاری ڤارامین بۆ مۆڵەتی پزیشکی ڕەوانەی ماڵەوە کرایەوە.

 

عاتفە تاجیک خەڵکی شاری ڤارامینە و دایکی کوڕێکی تەمەن ٢٢ ساڵە، دوای پۆستکردنی کەفالەت بۆ مۆڵەتی پزیشکی ڕەوانەی ماڵەوە کرا، لە ١ی نیسانی ئەمساڵەوە لە زینداندایە، لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشاری، دادوەر بە تۆمەتی پشتیوانی لە دەوڵەتی ئیسرائیل و پڕوپاگەندە دژی ڕژێم، سزای پێنج ساڵ و یەک مانگ زیندانی بەسەر عاتفە تاجیک سەپاند.

 

پێش ئەمەش ئەو ڕاپۆرتانەی لە ١١ی تشرینی یەکەمدا بڵاوکراونەتەوە باس لەوە دەکەن، کە دوای گواستنەوەی عاتفە تاجیک  بۆ زیندان، چارەسەری کیمیایی وەستاوە و باری جەستەیی خراپتر بووە. به پێی ئه م ڕاپۆرتانه عاتفە تاجیک  له بەردەم کێشەی جددیدایە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە عاتفە تاجیک توانای خواردنی نییە، تووشی دڵەکزێ دەبێت و کێشەی سەرنجخستنە سەری هەیە، هەروەها نیگەرانییەکان لەبارەی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی پێویستەوە وروژێنراون.

 

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ماوەی مۆڵەتی پزیشکی و ئەو مەرجانەی کە چارەسەرکردنەکە بەردەوام دەبێت، یان کەی لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ زیندان بڵاونەکرابووەوە.