دوو ژن لە ئێران دەستگیر کران و دەستگیر کردنەکەیان بە بێ یاسایی پێناسە دەکرێت

دوو ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیر کران و چارەنووسیان نادیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆڵبەر نیوز سەبارەت بە دەستگیر کردنی ژنێکی کورد لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە زانیاری دەخاتەڕوو، تیایدا هاتووە، "ڕۆژی رابردوو ژنێکی کورد بە ناوی سوهەیلا موتاعی، چالاکوانی مافی ژنانی خەڵکی دێولان لە سنوری شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو چالاکوانە بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەستگیر کراوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەکانی مەشهەد، ئیلاهە ڕەحمەتی، مامۆستای پۆلی سێی قوتابخانەی لەتیفەی سەرەتایی لە ناوچەی ٧ی مەشهەد، لە پۆلەکەی خۆیدا و لەبەردەم قوتابییەکانیدا دەستبەسەر کردووە.

 

بەپێی زانیارییەکان، ئەو مامۆستایە ٢٠ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆدا لە کردەوەیەکی نایاساییدا لەبەردەم خوێندکارەکاندا، لەلایەن سێ ئەفسەری پیاو و ئەفسەرێکی ژنەوە دەستگیرکراوە، ئەم کارەی هێزە ئەمنییەکانیش بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای خوێندکاران، لەلایەن چالاکوانانی سەندیکای مامۆستایانەوە بە توندی ئیدانە کراوە و بە نایاسایی ناوی بردووە.

 

سەرەڕای ئەوەی کە ئەم کارانە پێچەوانەی یاسان، بە هۆی نەبوونی یاسای دادپەروەرانە و دادگای سەربەخۆ لە ئێران، دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی هاوڵاتیان بەبێ پێشکەشکردنی هیچ ڕوونکردنەوەیەک، بەردەوام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێت و ژنانیش کە پێشەنگایەتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یان کرد و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی ئێران هەیە، زیاتر دەبنە جێ ئامانجی ڕژێمی ئێران.