وریشە مورادی: من وەک نوێنەری ئەوانەی ئازادییان دەوێت لەبەردەم دادگادا دەوەستم

وریشە مورادی، ئەندامی کەژار دووەمین نامەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە لەپێناو ژنانی تێکۆشەر دەچێتە دادگا.

ناوەندی هەواڵ

 

دانیشتنی دۆسیەی وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، ڕۆژی ٢٨ی ئاب لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی بەڕێوەچوو، بە هۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی و ڕاوێژکاری دادگا، حەکیم ئەموزاد، دانیشتنەکە دواخرا.

 

وریشە مورادی لەم سەروبەندەدا دووەمین نامەی بە ناوی "بۆ ڕای گشتی، بەناوی ژیان، بەناوی مرۆڤایەتی، بەناوی جوانی" بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە ناوی ئەو ژنانەی کە تێکۆشان دەکەن دەچێتە دادگا و تا کۆتایی بەرگری لە تێروانینەکانی دەکات.

 

دەقی نامەکەی وریشە مورادی بەم شێوەیەیە؛

"من وریشە مورادی لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ کاتێک لە ڕێگەی کرماشانەوە دەچووم بۆ سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و لە زیندانی ٢٠٩ی زیندانی سنە و زیندانی ئەڤین بۆ ماوەیەک لێپرسینەوە و ئەشکەنجە دراوم، لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ منیان خستە بەشی ٢٠٩، من ئەشکەنجەم ئەزموون کردووە و ئازاری ئەو ژنانە دەزانم کە تووشی سەختی دەبنەوە، کاتێک لە بەشی ژنان بووم، لەگەڵ ئەو ژنانەدا بەرکەوتنم هەبوو کە چەندین چیرۆکی سەختیان هەبوو، من لەگەڵ ژنانم و هەموو ساتێک لەگەڵ ئەو ژنانەدا بەسەر دەبەم کە قوربانی زهنیەتی پیاوسالارن، کە سیستمێکی کۆمەڵایەتی و نەریتی و مێژووییە و لەشکرێکی ستەمکارانەی هەیە کە دەڵێت 'بەهەشت لەژێر پێی دایکانە' و تەنها لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ژناندا 'بەهەشت' بەکاردەهێنێت. ئێمە ئەوانەین کە لەم سیستمە یاخی دەبین و دژی سیاسەتەکانی هەراسانکردن و کوشتنی ژنان تێدەکۆشین.

 

لە دژی سەپاندن تەنها ڕۆحی خۆمان و هاوارمان هەیە

مرۆڤە هۆشیارەکە وتبووی، ژن یەکەم نەتەوەی داگیرکراوە، ئێمە وەک گەلی ئەم نەتەوەە کە داگیرکراوە؛ زمانمان، ئایینمان، نەتەوە، باوەڕمان و هەرچییەک بێت، وەک ڕۆحێک لە جەستەماندایە، لە بەرامبەر ئەو زیندانانەی کە پراکتیزەی نامرۆڤانە و دڕندانەیان تێدایە، لایەنی ئینسانی ئێمە گوڵ دەکات، هێزی ژنانەمان بە شانازییەوە لە ئەزموونی مرۆڤایەتیدا سەرهەڵدەدات، بە واتایەکی تر، 'ئەگەر کات ئازاری لایەک لە ئێمە بدات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئازاری لاکەی ترمان بدات، لەم کاتەدا مێژوو پێچەوانە بووەتەوە، ئەم 'نەتەوە داگیرکراوە یەکەمە' ناکەوێتە ژێر ڕکێفی شمشێری چارەنووس و خەباتی ژنان لە مێژوودا دەگاتە ئاستێکی دیکە، ئێمە پێکەوە شان بە شان لە دژی ئەو شتانە دەوەستینەوە کە ڕوودەدات. بە هاودەنگییەک کە تەنها ژنان دەتوانن نیشانی بدەن، هەروەها ئێمە مرۆڤین، ئارەزوو و فێربوون و هەڵسوکەوتمان جیاوازە. هەریەکەمان کەسێکی 'جیاواز'ین، بەڵام هەموومان 'یەک'ین لە دژی هێرشەکان، ڕۆحی ئێمە هەڵوێست و هاوارێکی هەیە دژی ئەوەی بەسەرماندا دەسەپێنرێت.

 

ئێمە بڕیارمان داوە ئەم ژیانە ئازاد بکەین، ئێمە بڕیارمان داوە ئەم ژیانە سەختە بە تاجی ئازادییەوە بەجێبهێڵین، بە ئەزموونی دوو ساڵ لەمەوبەر بینیمان کە دەتوانین ئەمە بنیاد بنێین. دەسەڵاتی پیاوسالاری مرۆڤایەتی گەیاندە دۆخێک کە شەڕێکی گەورە هەیە نەک دژی ژن، بەڵکو دژی ئاژەڵ و ڕووەک و دار و سروشت، ئێمە ڕەگ و ڕیشەی سەرەتایی کۆچەکەمان بینیوە و بڕیارمان داوە ژیان بە دەستی ژن بنیاد بنێینەوە، تیۆدۆر ئادۆرنۆ دەڵێت 'ژیانێکی هەڵە ناتوانرێت بە دروستی بژیەت' ئێمە ژیانێکی 'ڕاستەقینە، باش، جوان و ئازاد' بنیاد دەنێین.

 

ژنان شێوە بە مێژووی ئەم وڵاتە دەدەن

لەسەر ئەم دیوارانەی کە بە نینۆکی هەزاران شەڕڤان هەڵکەندراون، ئەو ژیانەی دروستمان کردووە و ئەو هەناسەیەی کە وەریدەگرین بۆ 'ژیانێکی ئازادە'، هەموو شتێک لە چوارچێوەی ئەو یەکێتی و یەکبوونەدایە کە لە دەوری 'ژیانێکی ئازاد' بنیاد نراوە. دادگا سزا دەسەپێنێت، لەسێدارەدان ئەنجام دەدات، ئیدارەی زیندان لەناو سنووردا سنوور دادەنێت، دەسەڵات ڕێبازی دەرەوەی ئینسانی و پلان بۆ داڕێژراو بەڕێوە دەبات، بەڵام ئێمە کە لە هەموو شتێک جیاوازین، دەزانین لە بەرامبەر خەباتی گەلدا چی بەسەر 'ئەوان' هاتووە، و لەسەر ڕێبازی خۆمان دەڕۆین. ژنان مێژووی ئەم وڵاتە شێوە پێدەدەنەوە، فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە جیهاندا بڵاودەکەنەوە.

 

من ناڕەزایەتیم دەربڕی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی لە دانیشتنەکەی کە لە ٤ی مانگ بەڕێوەچوو و بەرگریم پێشکەش بە ڕای گشتی کرد، وتم تا دادگا ئەم بڕیارە لە دژی ئەو ژنە بەنرخانە بدات، من لەوێ ئامادە نابم، دانیشتنی ٤ی مانگ دانیشتنی من نەبوو دادگاییکردنی هەموو ئەو ژنانە بوو کە لە پێناو ژیانی خۆیاندا خەباتیان دەکرد.

 

ئەگەر لە شوێنی من ژنێکی تر هەبوایە، ئەویش بە هەمان شێوە مامەڵەی دەکرد، دانیشتنەکەم دواخرا، ئێستا لە مانگی ئەیلوولدا دانیشتنێکی ترم دەبێت، وەک کەسێک کە بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەژیم، بڕیارمدا بچمە ئەم دادگایە و مافی خۆم پیشان بدەم و ڕێز لەو کەسانە بگرم کە لە شەڕی ئازادیدا گیانیان لەدەستداوە، لەوانەیە دادگا ڕێگەم پێنەدات قسە بکەم یان ڕێگریم لێبکات بچمە دادگا و ڕێگریم لێبکات لە قسەکردن، دەزانم کە ئەم جۆرە 'فێڵە یاساییانە' بە ئاسانی ئەنجام دەدرێن. وەک نوێنەری شەڕڤانان و کەسانێک کە لە لێگەڕیندان لە بەردەم دادگادا دەوەستم، تەنانەت ئەگەر مافی قسەکردنم پێ نەدەن، وەستاندنی من لەوێدا نیشانەی بە بڕیاربوونی و من وهەموومان دەبێت بۆ داوای دادپەروەری و یەکسانی، ئێمە لە هەر کوێیەک دەبین با ببین، شوێنێکی ئێمە پشت مرۆڤایەتی و ئازادی و جوانییە، هەروەک چۆن ئەو کاتەی لە سروشتدا دەژیام، ئەو کاتەی لە شەڕی داعش بووم یان لە پێناو ئازادیدا خەباتم دەکرد و ئێستاش تەنانەت لە ژێر کۆت و بەندەکانی سوپایەکی ناڕەوادا، بەردەوام دەبم و هەڵوێستی ئازادیخوازی خۆم دەپارێزم، بەرخۆدانی ژنان لە دژی پیاوسالاری سەرکەوتن بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێت.

 

مرۆڤایەتی سەردەکەوێت

ژن، ژیان، ئازادی"