ڕێژەی بێکاری لە عێراقدا لە پلەی سێهەمدایە لە جیهان

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ئیندێکسی سپێکتاتۆر، عێراق لە پلەی سێیەمی بەرزترین ڕێژەی بێکاریدایە لە جیهاندا، بە ڕێژەی ٪١٤.٢.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای شەڕی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەرەڕای ستراتیژی جۆراوجۆر کە بۆ پشتگیریکردنی هێزی کار، وڵاتەکە هێشتا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کۆسپ و ئاستەنگی بازاڕی کار دەبێتەوە کە پەیوەستن بە دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنی وڵاتەکەوە.

 

لە کۆی دانیشتوانی تەمەنی کارکردن کە ٢٠ ملیۆن کەس لە عێراقدا مەزەندە دەکرێت، لانیکەم ٢.٥ ملیۆن کەسیان بێکارن، ڕێژەی بێکاری پێش سەرهەڵدانی داعش و دروستبوونی شەڕ و ململانێکان لە ساڵی ٢٠١٣ لە ٪٦.٥  بۆ ٪١٤ لە ساڵی ٢٠١٦ زیادیکردووە، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی لێشاوی ئاوارەکانی ناوخۆ و پەنابەرانەوە کاریگەری لەسەربووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ئیندێکسی سپێکتاتۆر، عێراق لە پلەی سێیەمی بەرزترین ڕێژەی بێکاریدایە لە جیهاندا، بە ڕێژەی ٪١٤.٢ ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەیەکی زۆری گەنج لە شارەکانی عێراق کێشەی دەستکەوتنی کار و بژێوی ژیانیان هەیە.

 

ئەم ژمارە پڕ لە کێشەیە ڕەنگدانەوەی سەختییە بەردەوامەکانی وڵاتەکەیە لە دامەزراندنی هەلی کار بۆ عێراقییەکان تا بتوانن ژیانێکی شایستە بژین، بە سەرنجدان لەوەی کە عێراق بەرهەمهێنەرێکی بەرچاوی نەوتە و خاوەنی سامانی سروشتیی بێئەندازەیە، ڕێژەی بەرزی بێکاری بەتایبەتی جێگەی تێڕامانە کە پێویستە دەسەڵاتداران هەنگاوی گرنگ و چارەسەری بگرنەبەر.

 

نەبوونی وەبەرهێنان لە پیشەسازییە گرنگەکانی وەک کشتوکاڵ، بەرهەمهێنان و ژێرخانی ئابووری هۆکارێکی دیکەیە کە بەشدارە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە عێراق.

 

سەرەڕای یەدەگی زۆری نەوتی عێراق، بەڵام نەیتوانیوە ئابوری خۆی هەمەچەشن بکات و هەلی کار لەدەرەوەی پیشەسازی نەوت و گاز و کەرتی گشتی دروست بکات، لە ئەنجامدا زۆرێک لە گەنجە عێراقییەکان بێکار ماونەتەوە.