زەنگی مەترسیداری بەکارهێنانی تێزاب لە ئێران

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە، کۆمەڵەی پشتیوانی لە قوربانیانی هێرشی تێزاب لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ناسنامەی ٦ قوربانی دیکەی دەستنیشان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، کۆمەڵەی پشتیوانی لە قوربانیانی هێرشی تێزاب لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ٦ قوربانی نوێی دەستنیشان کردووە.

 

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تاران بەنی یەعقوب، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی پشتیوانی لە قوربانیانی هێرشی تێزاب، ڕایگەیاندووە، زۆربەی حاڵەتەکانی هێرشی تێزاب لەلایەن هاوسەر یان هاوسەری پێشووی ژنانەوە ئەنجامدراوە و لەم خاڵەوە و لەم ڕوانگەیەوە جۆرێکە لە توندوتیژی خێزانی.

 

بە وتەی تاران بەنی یەعقوب، کۆمەڵەی پشتیوانی لە قوربانیانی هێرشی تێزاب تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتی قوربانییان دەستنیشان کردووە، کە لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەروەها زۆرێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی قوربانیانی هێرشی تێزاب پێیان وایە کە توندکردنەوەی یاساکان هێشتا نەیتوانیوە ڕێگری پێویست دروست بکات و پێویستە یاسای توندتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە بەکاربهێنرێت.

 

مستەفا دەمەردایی، بەرپرسی نەخۆشخانەی ڕووداوی سووتانی مۆتەهەرا، فرۆشتنی ئاسانی تێزاب لە ئێران بە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی هێرشی تێزاب ناوبرد و وتی: " یاساکانمان بەرتەسک نین، ترشی سولفۆریک و لیمۆ و تەنانەت ترشی پاتریش ئەوەندە بە ئاسانی لە هیچ وڵاتێکدا دەستناکەوێت و دەبێت خەڵک بە نیشاندانی بەڵگەنامەیەک ترشەڵۆک بکڕن کە هۆکاری بەکارهێنانیان نیشان بدات."

 

هەروەها وتیشی: نەخۆش پێویستی بە جلوبەرگ و خواردنی گونجاو و دەرمان و نەشتەرگەری و پزیشکی دەروونناس هەیە، بەڵام بەداخەوە بیمەکان ئەم تێچوونە قبوڵ ناکەن، دەڵێن دەبێت ئەو کەسەی بەکارهێنانی تێزاب و ترشەڵۆکەکەی ئەنجامداوە تێچووی چارەسەرەکە لە ئەستۆ بگرێت، لەکاتێکدا بە شێوەیەکی گشتی ئەو کەسەی ترشەڵۆکی ئەنجامداوە کەسێکی بەرپرسیار نییە و دوای ئەم ڕووداوە دەچێتە زیندانەوە، ئەم تێچوونانە ئەوەندە قورسن کەس ناتوانێت لە ئەستۆی بگرێت.