کۆنگرەی ستار: هەموواری یاسای باری کەسێتی دەرگای جیاکاری و نایەکسانی دەکاتەوە

کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق هەنگاوێکی دواکەوتووانە پێکدەهێنێت، کە هەڕەشە لە دەستکەوتە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانی عێراق دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنگرەی ستار سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای باری کەسێتی عێراقی ژمارە ١٨٨ـی ١٩٥٩ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق هەنگاوێکی دواکەوتووانە پێکدەهێنێت، کە هەڕەشە لە دەستکەوتە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانی عێراق دەکات و دەرگا دەکاتەوە بۆ چەسپاندنی جیاکاری و نایەکسانی لە ژێر پەردەی تایەفەگەری و سیاسیدا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو بڕیارە تەنها کاریگەری لەسەر ژنانی عێراق نییە، بەڵکو هەموو بەها ئازادییەکانی کۆمەڵگە دەکرێنە ئامانج، هەروەها پەسەندکردنەکەی لایەنگیرییەکی ئاشکرایە دژی ژنان و خێزان و هەڕەشە لە داهاتووی منداڵان دەکات"

 

کۆنگرەی ستار لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرجەم ژنانی عێراق و ڕێکخراوەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ دەکات، یەکبگرن و دژی ئەو دەستدرێژییە بۆ سەر مافەکانی ژنان بووەستنەوە، ڕاشیگەیاند، "داوا لە ڕێکخراوەكانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، دەستبەجێ دەستێوەردان بکەن بۆ ڕێگریی کردن لە جێبەجێکردنی یاساکە".

 

جێگای ئاماژەیە، ٢١ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە پەرلەمانی عێراق هەمووارکردنەوەی یاسایی باری کەسێتیی عێراق ژمارە ١٨٨ـی ١٩٥٩ پەسەند کرا، ئەوەش لە بەرامبەر پەسەند کردنی پرۆژە یاسایی لێبووردنی گشتیی و پرۆژەیاسای گەڕانەوەی مۆڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لەوانە کورد و تورکمانەکان بوو.