ئاگر لە دارستانەکانی تورکیا کەوتووەتەوە

ئاگری دارستانەکان کە لە شارەکانی چاناکاڵە، ئەزمیر، ئوساک و دەنیزلی لە تورکیا کەوتەوە، تا ئێستا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە و وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی شوێنەکان چۆڵکران.

ناوەندی هەواڵ

 

لە تورکیا ئاگری دارستانەکان کە لە شارەکانی چاناکاڵە، ئەزمیر، ئوساک و دەنیزلی کەوتەوە، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی، ئاگرەکە بەردەوامە.
 

لە ناوچەی دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکان لە نزیک گوندی کومکۆی سەر بە ناحیەی ئێچەزباتای سەر بە چاناکاڵە، دوێنێ کاتژمێر ١٦:٠٥ ئاگرەکە کەوتەوە نزیکەی ١٤ کاتژمێرە بەردەوامە، لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارستان و کشتوکاڵدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی بای بەهێزەوە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ نەکردووە، ئەمڕۆش هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە.

 

بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە

ئەمڕۆ سێشەممە، ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری دارستان و کشتوکاڵ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ئەو ئاگرە بەرفراوانەی بە هۆی پرژەی ئاگرێکەوە دروستبووە، بۆ دارستانەکە بڵاوبووەتەوە، وەزیر سەرلەبەیانی ئەمڕۆش ڕایگەیاندووە، نزیکەی ٥٧٥ هێکتار زەوی زیانیان بەرکەوتووە و دەڵێت: "تەنها یەک ڕووبەر ماوە کە مەترسییەکەی ماوە، تەشەنەکردنی ئاگرەکە وەستاوە و گوڕەکەی کەمی کردووە، بەڵام ناتوانین بڵێین بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە".

 

ئاگری دارستانەکانی دیکیلی: شوێنەکانی دەوروبەری چۆڵکران

لە زەوی گیایی شارەدێی چاندارلی سەر بە شارۆچکەی دیکیلی سەر بە ئیزمیر دەستیپێکردووە و لە دەوروبەری شارۆچکەی دەنیزکۆی بڵاوبووەتەوە و بەهۆی کاریگەری باوە زیاتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان نزیک دەبێتەوە، دانیشتوانی ناوچەکە وەک خۆپارێزی ناوچەکەیان چۆڵ کردووە.

 

عەلی ئەدیپ بودان، پارێزگاری دیکیلی لەبارەی ئاگرەکەوە لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند: "بایەکی بەهێز لە دەریاوە دێت"، ئاگرەکە لە دەوروبەری گەڕەکی چاندارلی و دەنیزکۆی بەردەوامە، مەیدانەکە فراوانە و بڵاو بووەتەوە، تیمەکانمان هەوڵدەدەن ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

 

ئاگر ٤٢ شوێنی دارستانەکانی گرتووەتەوە

لە بەیاننامەکەدا کە دوێنێ وەزارەتی دارستان و کشتوکاڵ بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، ئاگری دارستانەکان لە ٤٢ شوێنی وڵاتدا کراوەتەوە، ئەو شارانەی بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە بریتین لە بوردور، چاناکاڵە، ساکاریە، مانیسا و ئوشاک، ٢٢ لە ئاگرەکان لەناو دارستاندایە، ٢٠ ئاگری دیکەش دەرەوەی دارستانەکانی گرتووەتەوە، ٥ ئاگری دیکەش لەو ئاگر کەوتنەوانەن کە مەترسییان هەیە.