دوو ژن لەلایەن پۆلێسێکەوە کوژران

لە پارێزگای موسەننا ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق خوشکێک و هاوژینەکەی خۆی دەکوژێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە ناوچەی عوبێد لە سەماوەی سەر بە پارێزگای موسەننا پۆلیسێک، کە ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، خوشکێکی خۆی و هاوژینەکەی دەکوژێت و دوای ئەنجامدانی تاوانەکە تاوانبارەکە دەستگیر دەکرێت.

 

بە گوێرەی زانیاری دەزگا ئەمنییەکان تاوانبار لە دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی ویستویەتی هەڵبێت، بەڵام لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ناوچەکەوە دەستگیر کراوە و تا ئێستاش هۆکاری ڕووداوەکە نەزانراوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە پیشتر حازم ڕودەینی، جێگری سەرۆكی ناوەندی ستراتیژی مافی مرۆڤ لە عێراق، هۆشداری لە زیادبوونی  ڕێژەی كوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە عێراق داوە، كە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا نزیكەی پێنج هەزار و ٣٠٠ تاوان ڕوویداوە.