نەجیبە قەرەداغی: کۆمەڵکوژی ناتوانێت تەمەنی فاشیزم درێژبکاتەوە!

دوای کۆمەڵکوژی دوێنێی پاریس بۆ سەر ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا لە پاریس، ناڕەزایەتی بەرفراوانی کوردانی لێکەوتەوە، ئاماژە بەوەدەکەن کە کۆمەڵکوژییەکە دوای هەڕەشەی داخستنی ناوەندەکانی کوردە لە فەرەنسا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە نزیکبوونەوەی لە ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس، دوێنێ دووەمین کۆمەڵکوژی لە پاریس بۆ سەر ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا ئەنجامدرا، تیایدا ئەڤین (ئامینە کارا)، کە یەکێکە لە پێشەنگانی بزووتنەوەی ژنانی کورد، هەروەها هەردوو هونەرمەند میر پەروەر و عەبدوڵا کزل، ئەندامی ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا شەهیدبوون.

 

نەجیبە قەرەداغی، چالاکوان و ئەندامی ناوەندی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک، لە بارەی هەردوو کۆمەڵکوژی پاریس و هەڵوێستی کوردان بابەتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: کۆمەڵکوژی ناتوانێت تەمەنی فاشیزم درێژبکاتەوە.

 

دەقی نووسراوەکە بەمشێوەیەیە:

گەلی کورد چیدی مەڕی قوربانیی نییە، کاردانەوەی خەڵک نەبووایە لە بەرامبەر دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس، هەر زوو دەزگاکانی پۆلیس و ئیستخباراتی فەرەنسا ئەم کۆمەڵکوژییەیان بە دەردی کۆمەڵکوژی پاریس دەبرد، کە لە ژێر گوشاری ناوەندەکانی دەسەڵاتی فەرەنسا و تورکیا دادگایان ناچار کرد بڕیاری " لێپرسینەوەی شاراوە" بدات لەسەر کەیسی کۆمەڵکوژیەکەی ٢٠١٣ی پاریس، کە زیانێکی زۆر گەورەی بە کەیسەکە گەیاند و ڕاستییەکانی کۆمەڵکوژیەکە پەردەپۆش کرا، لەگەڵ ئەوەی بکوژ و سەرچاوەی تیرۆرەکە دیار بوو کە فاشیزمی ئەردۆغانە بە چاوپۆشی ئیستخباراتی فەرەنسا، دواییش بە ڕێکەوتنێکی دوولایەنەی چەپەڵ بکوژەکە-عومەر گونەی'یان لە زینداندا کوشت بە بیانووی ئەوەی دوومەڵی شیرپەنجە لەسەریدا دروستبووە و مردووە.

 

فەرەنسا مێژوویەکی ڕەشی هەیە لە پەردەپۆشکردنی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتە دیکتاتۆر و فاشیستەکان ئەنجامی دەدەن، مێژوو شاهیدی کوشتنی دۆلیس سەبتەمبەری هاوڕێی نیلسون ماندیلا و زۆر کەیسی دیکەیە لە پاریس.

 

لە کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس ٢٣ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کە نزیک لە دەیەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریسە (٩ کانووی دوەمی ٢٠١٣) ئەمڕۆ خەڵک نیگەرانیان لە لێدوانی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا و دەزگاکانی پۆلیس دەربری، لەبەرئەوەی بکوژی ئەنجامدەری کۆمەڵکوژییەکە زۆر بە پلان و بە وردەکارییەوە ئامادەکاری بۆ هێرشەکەی کردووە، نە نەخۆشی دەروونی هەیە و نە کەسێکی نەژادپەرستیشە، بەڵکو ئەنجامدەرێکی ئامادەکراوی بە پلانە.

 

ئەو کۆمەڵکوژیە کە دوای هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا دێت لە بەرامبەر دەزگاکانی کورد لە فەرەنسا و داوایان لە فەرەنسا دەکرد کە دەزگا و دامەزراوەکانی کورد دابخەن، بۆ ئەوەش ئەنجامدەری کۆمەڵکوژیەکە سەربەخۆییانە ئەو کارە تیرۆریستیەی نەکردووە.

 

خەڵک سەرەتا کاردانەوەکانیان دیموکراتیانە بوو، بەڵام پۆلیسی فەرەنسی بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشی کردەسەر خەڵکەکە، لە کاتێکدا کاردانەوەی خەڵک زۆر ڕەوایە لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییە.

 

ئیستخباراتی فەرەنسا، وەزارەتی ناوخۆ بەهۆی کاردانەوەی خەڵکەوە ناچار بوو کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی کورد بکات لە پاریس، ئەوانەی لە سەرچاوەوە زانیاری لەسەر کۆمەڵکوژیەکە وەردەگرن بە تایبەتی ئەوانەی کەیسەکە تەمومژاوی دەکەن و لە ڕاستیەکانی دووردەخەنەوە، خزمەت بە دۆزی کورد ناکەن، کە دۆزێکی سیاسی ڕەوایە، بەشێک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی کورد وەک تێکدەر نیشان دەدەن.

 

هەموو چالاکیەکە بۆ خەڵکی کورد و دۆستانیان ڕەوایە تا ئەو کاتەی کۆتایی بە قوربانیکردنی گەلی کورد دێت، لەبەرئەوەی فاشیزم لە سەرەمەرگیدا سڵ لە هیچ شتێک ناکاتەوە، گەلی کورد و دۆستانیشیان بۆ کۆتاییهێنان بە فاشیزم مل بۆ هیچ ڕێبازێکی پاسیفکردن و پاشەکشەکردن کەچ ناکەن.