٪٤٠ی ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە

بەپێی توێژینەوەیەک لەبارەی دەستدرێژی سێکسی، دەرکەوتووە ٪٤٠ی ژنانی ڕۆژنامەنووس جۆرێک لە دەستدرێژی سێکسیان لە شوێنی کاردا ڕووبەڕوو بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتیدا لە بەرنامەی "ژنان لە هەواڵدا" کە لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی ڕۆژنامەگەری "وان ئیفرا" بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆی سیتی لە لەندەن، لەسەر دەستدرێژی سێکسی لە ژووری هەواڵدا ئامادەکراوە، تێیدا ٢٠ وڵات لە ئەفریقا، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ڕووسیا، وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەمریکای ناوەندی، توێژینەوەکە کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ تا ئەیلولی ٢٠٢١ ئەنجامدراوە، زیاتر لە دوو هەزار تێیدا بەشداربووە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ٨٥ بەڕێوەبەری باڵا کراوە.

 

بەپێی ئەنجامە جیهانییەکان، دەرکەوتووە کە نزیکەی ٪٤٠ی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە شوێنی کاردا تووشی گێچەڵی سێکسیی زارەکی یان جەستەیی بوونەتەوە، یەک لە پێنج کەسیان دەستدرێژییەکەیان باسکردووە، هەروەها ٪٨٠ی حاڵەتەکانی گێچەڵی سێکسی باسنەکراون، بەهۆی ترسەوە، لەوانە، ترس لە کاریگەری نەرێنی، ترس لە لەدەستدانی کارەکانیان، ترس لە باوەڕ پێنەکردنیان و ترس لە تۆڵەسەندنەوە.

 

هەروەها نەبوونی میکانیزمی گونجاوی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پرسەکانی جێندەر و دەستدرێژی هۆکاربوون بۆ بێدەنگبوون لە حاڵەتەکانی گێچەڵی سێکسی، تەنها لە ٪١١شیان باسیان لە حاڵەتەکە کردووە، لەناو ئەو کەسانەشدا تەنها نیوەیان کار لەسەر کەیسەکانیان کراوە.

 

هەر لە توێژینەوەکەدا باس لەو لایەنە کراوە کە گێچەڵی سێکسی دەکات، ٪٣٩ی حاڵەتەکان لەلایەن هاوکارەکانیانەوە گێچەڵیان پێکراوە، ٪١٩.١ لەلایەن بەڕێوەبەری باڵاوە گێچەڵیان پێکراوە، ٪١٨.٩شیان لەلایەن سەرپەرشتیارەکانیانەوە بووە.