هێزا شەنگالی: ئازادکردنی ڕەققە سەرکەوتنی ژنانی تێکۆشەر بوو

لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، شاری ڕەققە، لە دەستی چەتەکانی داعش ئازادکرا، پڕۆسەی ئازادکردنی ڕەققە گەورەترین شکست بوو بۆ داعش، چونکە شوێنی تۆڵەکردنەوەی هەموو ژنانی ئێزیدی بوو.

 

نوژین ئێزیدی

شەنگال-شاری ڕەققە، یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی چەتەکانی داعش، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیک "قەسەدە" و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بە بەشداری یەکینەکانی ژنانی شەنگال ئازادکرا. لە ڕەققە هەزاران ژنی ئێزیدی دەستدرێژی سێکسیان کرایە سەر و دواتر چەند جارێک فرۆشران، ژنانی ئێزیدی بەشدارییان لە هەنگاوەکەدا کردو ڕۆیشتن بۆ ڕەققە بە ڕۆحی تۆڵەکردنەوەی هەموو ژنان.

سەبارەت بە ڕزگارکردنی ڕەققە، گرنگی و کاریگەرییەکانی، هیزا شەنگالی، ئەندامی فەرماندەی یەژەشە کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە ڕەققە لە فەرمانی ٧٤ دەستگیرکرا و دوای ئەوەی لەلایەن یەپەژەوە ئازادکرا، بەشداری کرد لە ڕزگارکردنی ڕەققە، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو تیشکی خستە سەر بەرخۆدانی دژ بە داعش و ڕایگەیاند وەک یەکینەکانی ژنانی شەنگال بە ڕۆحی تۆڵەسەندنەوەدا چوونەتە ڕەققە.

 

"بە ڕۆحی تۆڵەکردنەوەی هەموو ژنانی ئێزیدی شەڕمان کرد"

هێزا شەنگالی پیرۆزبایی لە هەمووان کرد بۆ ئازادکردنی ڕەققە و وتی: شەشەمین ساڵیادی ئازادکردنی ڕەققە پیرۆز دەکەین و یادی هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لە ڕەققە شەهید بوون، سەرکەوتنی ئازادکردنی ڕەقە لە هەموو گەلانی باکوورو  ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو ژنانی ئێزیدی پیرۆز دەکەین، بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو وەک یەژەشە، ئەوە مانایەکی مێژوویی و شانسێک بوو کە شوێنی خۆمان لە پڕۆسەی ڕزگارکردنی ڕەققەدا گرت، ڕەققە بە پایتەختی داعش ناسرابوو، داعش ویستی ئیرادەی ژنان لە کەسایەتی ژنانی ئێزیدی بشکێنێت و کولتوورە کۆنەکەیان لەناو ببات، هەموو جیهان شایەتی سەرکوتکردنی ژنان بوون، داعش دەیویست ڕەققە بکاتە بازاڕێک بۆ کڕین و فرۆشتنی ژنانی ئێزیدی، دەیویست ئەو شارە بۆ هەموو ژنان تاریک بکات و ڕەققە لە مێژوودا تاریک بکات، ئەو ئازارەی کە ژنان لە ڕەققە تووشی بوون ئازاری هەموو مرۆڤایەتی بوو، ئەو ئازارە لەبیر ناکەین، لەو کاتەدا، وەک یەکەیەکی یەپەژە چووین بۆ شارەکە بۆ ڕزگارکردنی ڕەققە، هەموو ئەوانەی بەشداریان لەو هەنگاوەدا کرد بە هەستی تۆڵەسەندنەوە بەشدارییان کرد، هەر هەڤاڵێک بە توڕەیی و بە ڕۆحی تۆڵەکردنەوەی ژنانی ئێزدی بەشدار بوو.

 

"هێزەکانی یەپەژەو یەژەشە پێشەنگی هەنگاوەکەیان کرد"

هێزا شەنگالی تیشکی خستە سەر پێشەنگایەتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" و یەکینەکانی پاراستنی شەنگال "یەژەشە" لە ئازادکردنی ڕەققە و وتی: بە پێشەنگایەتی یەپەژە، پێکەوە بەشداریمان لە هەنگاوەکەدا کرد و یەپەژە زۆر یارمەتیدەر بوو بۆمان، ڕەققەمان ئازاد کرد و سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، وەک ژنانی ئێزیدی ئێستا لە بەختەوەریدا دەژین، چونکە تۆڵەی خۆمان کردەوە، لە یەپەژەوە فێری تۆڵەکردنەوە بووین، بە پێشەنگایەتی یەپەژە، ژنان و منداڵانی ئێزیدی ڕزگار دەکرێن و ڕادەستی خێزانەکانیان دەکرینەوە، هەمیشە پێکەوە تێدەکۆشین.

 

"دەوڵەتی تورک بە هێرشەکانی تۆڵەی شکستەکانی داعش دەکاتەوە"

لە کۆتایی قسەکانیدا هێزا شەنگالی تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: لە ٤ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم هێرشە لە پیلانگێڕی و ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم جیا ناکرێتەوە، ئەمە پلانێکی سیاسییە لەسەر گەلی ناوچەکە، بەڵام سەرەڕای هەموو هێرشەکان، هەڵوێست و بەرخۆدانی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهێز بوو، وەک یەپەژە سڵاو لەو بەرخۆدانە دەکەین، دەوڵەتی تورک دەیەوێت تۆڵەی داعش بکاتەوە بەو هێرشانە. چونکە بەرخۆدانی یەپەژە و قەسەدە داعشیان تێکشکاند، دەوڵەتی تورکیا ئەمەی بەدڵ نەبوو و بەردەوام بوو لە هێرشەکان، بەڵام گەلی ناوچەکە پلانەکانیان بەتاڵ کردو نەیانهێشت بگاتە ئەنجام.