حەوتەمین ساڵیادی ژن تیڤی پیرۆزکرا
حەوتەمین ساڵیادی تەلەفزیۆنی ژن "ژن تیڤی" کە یەکەمین کەناڵی تەلەفزیۆنی ژنانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و کوردستان بە ئاهەنگێک بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ
کەناڵی تەلەفزیۆنی ژن JIN TV کە لە ٨ی ئاداری ٢٠١٨ وەک یەکەم کەناڵی تەلەفزیۆنی ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی بە پەخش کرد، دەچێتە ساڵی هەشتەمی خۆیەوە، ژن تیڤی لە ڕێگەی پەخشەکانییەوە سەرنجی بۆ بەرخۆدان و دۆزی ژنان ڕادەکێشێت، هەروەها دەنگی ژنانە و کار بۆ پێشکەوتنیان دەکات، بووەتە ئاوێنەیەک بۆ ژنانی ناوچەکە.
دوێنێ کەناڵی ژن تیڤی بە ئاهەنگێک لە بارەگاکەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یادی حەوت ساڵەی دامەزراندنی کردەوە. ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی کانتۆنی جزیرە بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد، کەناڵی جین تیڤی ماوەی ٧ ساڵە بە ڕەنگ و فەلسەفەی ژنی ئازاد پەخش دەکات و بەردەوامە.
"ژن تیڤی دەنگی ژنانە"
لۆرستان دەروێش، پەیامنێری ژن تیڤی پیرۆزبایی ساڵڕۆژی تەلەفزیۆنی خۆی ئاراستەی سەرجەم ژنانی ماندوونەناس و بەرخۆدێر کرد و وتی: ژن تیڤی یەکێکە لە دەستکەوتەکانی خەباتی ژنان کە ساڵانێکە بەردەوامە، ئامانجمان لەگەڵ ئەم تیڤییە ئەوەیە کە دەنگی ژنان بین، هاوکات هەوڵدەدەین بە ماندووبوون و هەوڵەکانمان دەنگی هەموو ژنانی جیهان بین، گرنگیدان بە دۆخ و بەرخۆدان و خەباتی ژنان لە هەموو جیهاندا سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و سەختییانەی کە لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووینەوە، بەڵام پێداگریمان لەسەر بەردەوامبوونی بەرخۆدانەکە لە گەشەکردندایە.
ئاهەنگی ساڵڕۆژی ژن تیڤی بە چالاکی هونەری و مۆسیقی بەرز ڕاگیرا، هەروەها ئو ستافەی لە ماوەی ٧ساڵی ڕابردوودا کاریان کردووە خەڵات کران.