هەڵوێستی دەزگا و ڕێکخراوە ڕۆژنامەنووسییەکانی باشووری کوردستان
بەشێک لە دەزگا و ڕێکخراوە ڕۆژنامەنووسییەکانی باشووری کوردستان، لە ناویاندا ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد، ئیدانەی بە ئامانجگرتنی هەردوو ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین و نازم داشتانیان کرد و ڕایانگەیاند، دەبێت پێکەوە ڕێگری لە بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان بکەین.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، بەشێک لە دەزگا و ڕێکخراوە ڕۆژنامەنووسییەکانی باشووری کوردستان بە ناوی ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان، کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی، ڕێکخراوی جاسەنە، فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ-ڕۆنووس، سەنتەری میترۆ و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان-لقی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئیدانەی بە ئامانجگرتنی هەردوو ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین و نازم داشتانیان کرد، کە لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا لە کاتی ڕوماڵکردنی هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سڕین لەلایەن فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە گیانیان بەختکرد.
"بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەنگی ئازاد کپ ناکرێت"
هاوڕێ کاروان، ڕۆژنامەنووس لە کۆمپانیای چەتر ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکەی خوێندەوە و وتی: هەڵگرتنی دەنگی حەقیقەت بۆتە هۆکاری تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، ڕۆژنامەنووسان لە هەر پارچەیەکی کوردستان درێژە بە خەباتی فکری ئازاد دەدەن و لە بەرامبەردا دەوڵەتی تورکیا هەوڵی کپ کردنی ئەو دەنگە دەدات، بەڵام دەنگی ئازاد لە ڕێگەی تیرۆرکردنەوە کپ ناکرێت، هێرشەکان و هەڕەشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ڕۆژانە بەردەوامی هەیە، ڕۆژنامەنووسی ئازاد و بوێر لە هێرشەکان ناترسێت و کۆڵنادات، ئێمە دەمانەوێت بە هەڵوێستی هاوبەش ڕێگری لە تاوانەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان بکەین.
لە کۆتایشدا وتی: بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی ناوخۆی و نێودەوڵەتیدا خەباتێکی یاسای لە دژی داگیرکەران و تاوانکاران بەڕێوەببەین، داوا لە میدیا کورد و جیهانی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بەرپرسیاربن لە هەر هێرشێک دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان، هەروەها داوا لە ڕای گشتی جیهان دەکەین لە ئاست هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەکرێت، بێدەنگ نەبن.
"دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەترسێت"
تەوار عادل، ڕۆژنامەنووس، لە کۆنگرەکەدا لەسەر ناوی ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان وتارێكی پێشکەشکرد و وتی: دەوڵەتی داگیرکەر بە درێژای مێژوو لە ڕێگەی هێرشەکانیانەوە دەیانەوێت گەلی کورد لەناو ببەن، بەڵام گەلی کورد بەردەوام بەردەنگاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبێتەوە، هەروەها ڕاگەیاندنی ئازاد ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە گواستنەوەی ڕاستییەکانی جەنگ و هێرشەکان بۆ چاوی بینەران و ئاشنابوون بە ڕاستییەکان، لە ناویاندا ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشە و هێرش دەبنەوە تا دەگاتە ئاستی شەهید بووم. شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان ناگیهان ئاکارسەل، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، ئێستاش "نازم داشتان و جیهان بیلگین" نمونەیەکە بۆ ترسانی دەوڵەتی تورک لە ڕاگەیاندنی ئازاد.
لە کۆتاییدا وتی: پێویستە هەر ڕاگەیاندکارێک لە باشووری کوردستان لە ڕێگەی کامێرەکانیانەوە، تیشک بخەنە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و هاوپیشەکانیان بێ جیاوازی دەزگا و ئایدیای حزبی، تا بتوانین لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان دەنگمان بگاتە تەواوی جیهان، ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس بەردەوام دەبین لەسەر کاروانی ئەو شەهیدانە و کامێرە و مایکەکانیان لەسەر زەوی ناهێڵینەوە.
"دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە دەنگی حەقیقەت ڕۆژنامەنووسان بە ئامانج دەگرێت"
کامیل عومەر، ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی جاسەنەی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ڕوماڵ و بە جێ گەیاندنی ئەرکەکانی خۆیاندا شەهید دەکرێن، دەوڵەتی تورکیا دەست لە جەنگاوەران و ڕۆژنامەنووسان ناپارێزێت، لە کاتێکدا بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕۆژنامەنووسان لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا لە کاتی جەنگدا پارێزراون، بەڵام دەبینین ساڵانە کوشتنەکانی ڕۆژنامەنووسان زیاتر دەبێت لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا، بۆیە لە کاتی پێشێلکاریەکاندا ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکان سکاڵای یاسای پێشکەش بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان بکەن. پێویستە لە ڕێگەی گەیاندنی داواکارییەکان و سکاڵاکان بە تەواوی جیهان هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و سەلامەتی گیانی ڕۆژنامەنووسان بدرێت، پێویستە چی دیکە ڕۆژنامەنووسان بە ئامانج نەگیرێن، دەوڵەتی تورکیا چەندان ساڵە هێرش دەکاتە سەر کورد و لە ناویاندا ڕۆژنامەنووسی ئازاد بە ئامانج دەگرێت.
"درێژەپێدەری دەنگی ئازاد دەبین"
هاوکار عیزەت، ڕاگەیەندراوی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ-ڕۆنووسی خوێندەوە و ڕایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان، هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژنامەنووسانی ئازادیش ئەنجام دەدات، هەردوو ڕۆژنامەنووس نازم داشتان و جیهان بیلگین بە دەستی داگیرکەری تورکیا لە کاتی ڕووماڵکردنی بارودۆخی ڕۆژئاوادا شەهید کراون، ئەمە پێمان دەڵێت دەست لە شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد هەڵناگرن، تورکیا دەیەوێت بە هێرشەکانی دەنگی ئازاد کپ بکات، بەڵام هاوکارانی شەهیدان ڕێگای حەقیقەت بەرنادەن و درێژەدەری ڕێگاکەیان دەبن، بە توندیش ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین.
"دەبێت ئێمەی ڕۆژنامەنووسان هەوڵ بۆ گەیاندنی دەنگی حەقیقەت بدەین"
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا ١٣ ڕۆژنامەنووس شەهید بوون و حەوت ڕۆژنامەنووس بریندار بوون، بەڵام مافەکانی کورد و ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا درکی پێناکەن، لە کاتێکدا لە کۆلۆمبیا و مەکسیک و ناوچەکانی دیکە ڕۆژنامەنووسێکیان شەهید دەکرێت یان ڕوبەڕووی پێشێلکاری دەبێتەوە، تێکڕا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دێنە دەنگ، دەکرێت دوێنێ جیهان بیلگین و نازم داشتان شەهید بووبن، سبەی من یان ئێوە بن، بۆیە دەبێت بە هەمووان ببنە دەنگی خستەڕووی ڕاستییەکان،
لە کۆتایدا وتیشی: ڕۆژنامەنووسی ئازاد تەنها بە کامێرەکەی و پێنووسەکەی دەستی کە لە جانتاکەیدا بە پشتیەوە هەوڵ بۆ ڕووماڵکردنی بارودۆخی وڵاتەکەی دەدات، شەهید دەکرێت، پێویستە ئەم کەیسانە بکرێتە کەیسیکی نێودەوڵەتی و بە تەواوی جیهان بگات، تا بزانن دەوڵەتی تورکیا هەوڵی لە ناوبردنی ڕۆژنامەنووسان دەدات و بارودۆخی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە چیدایە، هەروەها ئێمەی ڕۆژنامنووسان بەبێ جیاوازی پشتیوانی یەکدی بکەین.